14 كەسی دیكە لە سلێمانی تووشی كۆرۆنا بوون

29-03-2020 11:21


پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، چواردە تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ لەشاری سلێمانی دەستنیشانکران، کە هەشت ئافرەت و شەش پیاون بەم شێوەیە:

پێنج لە تووشبوان لەناو شاری سلێمانی و پێنجوێن و سياگوێز و سیتەک پێشتر گەشتیان کردووە.

حەوت لە تووشبوان لە دەربەندیخان بەرکەوتی تووشبوانی پێشوون.

دوو توشبووی نوێ لە شاری سلێمانی پێشینەی گەشتیان نیە.

نەخۆشخانەی پێنجوێن ڕوونكردنەوەیەكی لەبارەی تووشبووەكەی خەڵكی ئەوشارە بڵاو كردەوەو دەڵێت: ئەو هاوڵاتییە پاش ئەوەی لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە ڕاستەوخۆ نێردراوە بۆ كەرەنتینەی سلێمانی‌و بە هیچ جۆرێك داخڵی پێنجوێن نەبوەو تێكەڵی هیچ كەسێك نەبوە، "هاوڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە تا ئەم ساتە لە سنوری پێنجوێن هیچ حاڵەتێكی تووش بوو تۆمار نەكراوە".

كۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسەكە لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 142 كەس، لەنێویاندا 2 مردن هەیەو 55نەخۆش چاكبوونەتەوە كە 50یان لە سلێمانی 5یان لە هەولێر بووە، ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێری پزیشكی دان.

ئەو 2 حاڵەتەی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ئەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە كە هۆكاری مردنەكەیان ئەو ڤایرۆسە بووبێت.