پارێزەرەكەیان: دەستوەردانی گەورە لە ئاستی زۆر باڵادا لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان هەیە

24-07-2022 09:33

پەرەگراف - فەرمان سادق

52 زیندانی كە چالاك و ڕۆژنامەنووسی بادینان و سزادراوی دیكەن، لە چاكسازیی گەورانی هەولێر مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند لە بەرانبەر ئازادنەكردنیان بە ئیفراج شەرتی. پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینانیش دەڵێت "بابەتی ئەو دەستگیركراوانە بەسیاسی و حیزبی كراوە، دەستوەردانی گەورە لە ئاستی زۆر باڵا دەكرێت".

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینانی، لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا لەگەڵ پەیامنێری پەرەگراف، وتی "ئەو كەسانەی مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، 10 كەسیان چالاك و ڕۆژنامەنووسی بادینانن و دۆسیەكانیان لای ئێمەیە، ئەوانی تر زیندانیكراوی دیكەن كە بە هەمان ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی كوردستان دەستگیر كراون".

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەش كرد كە "زیندانییە مانگرتووەكان تەنیا خەڵكی بادینان نین، بەڵكو خەڵكی هەولێر، سلێمانی و كەركووكیشی تێدایە".

وەكوو بەشدار حەسەن بە پەیامنێری پەرەگرافی وت، بابەتی ئەو دەستگیركراوانەی بادینان كە 10 كەسن، "بەسیاسی و حیزبی كراوە و دەستوەردانی گەورە لە ئاستی زۆر باڵا دەكرێت".

"بەر لە جەژن داواكاری گشتی وتی ئەو چالاكانە ئیفراج شەرتی دەیانگرێتەوە، بەڵام دوای جەژن پەشیمان بووەتەوە. ئێمە ناتوانین ناوی كەس ببەین، بەڵام زانیاریمان هەیە كە پەیوەندی كراوە بۆیە ئەو بابەتە گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە"، بەشدار حەسەن وای وت.

ئەمڕۆ چوارەم ڕۆژە كە پێنج چالاكی شیلادزێ‌ مانگرتنیان لە خواردن تا مردن یان ئازادكردن ڕاگەیاندووە. پارێزەری ئەو سزادراوانە جەخت دەكاتەوە كە "ئیفراج شەرتی (ئازادكردنی بەمەرج) دەیانگرێتەوە، هاوشێوەی سێ‌ سزادراوی هاوڕێیان كە چەند مانگێك لەمەوبەر بە هەمان ماددەی یاسایی سزا دراون و ئازاد كران".

جگە لەو سزادراوانە، بەشدار حەسەن دەڵێت "چوارپێنج كەس هەن كە زیاتر لە دوو ساڵە لە زیندانی ئاسایشی هەولێرن، تا ئێستا دادگایی نەكراون".

52 سزادراوە مانگرتووەكە لە نامەیەكدا كە ئاراستەی ڕایگشتی، سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، نەتەوەیەكگرتووەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانیان كردووە و دەڵێن "مانگگرتنەكەمان پەیوەندیی بە داواكارییەكەمانەوە ھەیە كە (ئازادبوونی مەرجدار)ـە بەپێ ماددەی ٣٣١ لە بنەما دادگاییەكانی سزا، كە مافێكی یاسایی خۆمانە، بەڵام لەلایەن داواكاری گشتیەوە دەستاودەستی پێ دەكرێت و ھەوڵ ھەیە بەھۆی دەستێوەردانی حیزبی و كەسییەوە ئەو مافەمان لێ زەوت بكرێت".