محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران

25-07-2022 03:30
محەمەد شیاع سودانی

پەرەگراف

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتن لەسەر کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

یەکلایکردنەوەی سودانی دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دێت لەسەر چەند ناوێک کە لەبەردەستیاندا بوو، بەتایبەت پاش ئەوەی دوێنێ قاسم ئەعرەجی یەکێک لەو ناوانەی لەسەر مێزی گفتوگۆ بوو لە پرۆسەکە کشایەوە، چانسی سودانی بەهێزتربوو تا ئەمڕۆ بە فەرمی یەکلاکرایەوە.

محەمەد شیاع سودانی، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقەو سەرۆکی فراکسیۆنێکە کە ٣ کورسیی لە پەرلەمان هەیە، پێشووتریش چەند پۆستێکی باڵای حکومی هەبووە.

سودانی پارێزگاری میسان و وەزیری هەریەک لە وەزارەتەکانی مافی مرۆڤ، بازرگانی و پیشەسازی و کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بووە لە کابینەکانی پێشووی حکومەتی عێراقدا.

دیاریکردنی کاندیدی فەرمیی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی کە دوای کشانەوەی سەدرییەکان بوونە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانیی، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت خێراتر دەکات.

بەرلەوەی سودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕابسپێردرێت، دەبێت پەرلەمان پۆستی سەرۆککۆمار یەکلایی بکاتەوە کە هێشتا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ڕێککەوتنێکی فەرمیی ئاشکرا نییە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش.