سڵێمان هەڵشۆییەكەی هەولێر دەستگیر كرا؛ زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلاری خەڵكی لایە

25-07-2022 03:45

پەرەگراف

پۆلیسی هەولێر كەسێكی دەستگیر كرد كە هاوشێوەی سڵێمان هەڵشۆیی زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلاری لە خەڵك وەرگرتووە و نەیداونەتەوە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو كەسە كۆمپانیایەكی وەهمیی لەژێر ناوی (كۆمپانیای ئەستێرەی گەل بۆ بازرگانیی گشتی) لە شاری هەولێر دروست كردووە، لەو ڕێگەیەوە پارەی لە خەڵك وەرگرتووە لە بەرانبەر پێدانەوەی بە سوودەكەیەوە.

وەكوو وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی پێ‌ دا، كەسەكە سەرەتا لە ماوەی دیاریكراودا قەرز و سوودەكەیشی بە خاوەنەكانیان داوەتەوە تا لەناو خەڵكدا متمانە پەیدا بكات و پارەی بۆ ببەن.

ئەو كەسە لە ئەسڵدا خەڵكی دهۆكە و ماوەی ساڵێكە هاتووەتە هەولێر. هۆگر عەزیز وتی "ئەم كەسە پێشنەی تاوانكاریی هەیە و پێشتریش لە ساڵی 2012 هەمان كاری لە دهۆك ئەنجام داوە، ئەوكات بە ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی سزا دراوە و ماوەی سزاكەی تەواو كردووە".

"ئێستا زیاتر لە 26 ملیۆن دۆلاری ئەمریكیی خەڵكی لایە كە هێشتا ڕوون نییە تەنیا قەرزەكەیە یان بە سوودەكانیشیانەوە ئەوەندە دەكات. تا ئێستا 18 كەسیش سكاڵایان لەسەر تۆمار كردووە"، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وای وت.