نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ: ساڵی نوێی خوێندن بە خۆپیشاندان و بایكۆت دەست پێ‌ دەكەین

25-07-2022 04:31

پەرەگراف

نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان هۆشداری دەداتە حكومەت كە ئەگەر بەدەم داواكارییەكانیانەوە نەیەت، لە یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بایكۆت ڕادەگەیەنن. دەشڵێت "لە 2014ـەوە زیاتر لە 500 یاداشتنامەمان داوەتە هەردوو كابینەی هەشتەم و نۆیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام بەدەم داواكارییەكانمانە نەهاتوون".

عەلی ڕەئوف مستەفا، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕایگەیاند "وەكوو نوێنەرایەتیی 30 هەزار و 465 مامۆستای وانەبێژ لە زاخۆ تا خانەقین، ئەگەر حكومەتی هەرێم بەدەم داواكارییەكانمانەوە نەیەت، بەر لە دەستپێكی خوێندنی ئەمساڵ لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران خۆپیشاندانیش ئەنجام دەدەین".

عەلی ڕەئوف ئاماژەی بەوە كرد كە لە ئێستادا تاكە داواكارییان دامەزراندنە و وتی "مامۆستامان هەیە 14 ساڵە وانەبێژە تا ئێستا دانەمەزراوە. حكومەتی هەرێم و وەزارەتەكان پەروەردە و دارایی و سەرۆكایەتیی پەرلەمان، زۆر بێباكن بەرانبەر داواكاریی مامۆستیانی وانەبێژ".

وەكوو نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ باسی كرد، لە سەرجەم پەروەردەی قەزاكان ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ زۆر زیاترە لە مامۆستایانی میلاك. پەككەوتنی پرۆسەی خوێندنیشی بەهۆی بایكۆتی مامۆستایانی وانەبێژەوە خستە ئەستۆی حكومەت كە چەند ساڵە بەدەم داواكارییكەكانیانەوە نایەت.