گرێكوێرەی سەرۆككۆمار؛ پەرلەمانتارێكی یەكێتی: چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر كورد ڕاناوەستێت

25-07-2022 05:59

پەرەگراف

چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلا كردەوە، بەڵام هێشتا كورد نەیتوانیوە گرێكوێرەی سەرۆككۆمار بكاتەوە. پەرلەمانتارێكی یەكێتی دەڵێت "چوارچێوەی هەماهەنگی داوای كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكات و لەسەر كورد ڕاناوەستێت".

سروە محەمەد زەنگەنە، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ پەرەگراف وتی "چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكی ئەنجووەنی وەزیران یەكلا كردووەتەوە، كە شیعە ڕێككەوت لەسەر سەرۆكوەزیران، چاوەڕێی كورد ناكەن و لەم هەفتەیەدا داوای كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەن".

سەبارەت بە كاندیدی پۆستی سەرۆككۆمار كە گرێكوێرەی نێوان یەكێتی و پارتییە، ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەڵێت "كۆبوونەوەكان لە نێوان هەردوولا بەردەوام دەبن بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش".

سروە محەمەد بۆ پەرەگراف ئاماژەی بە دوو سیناریۆ كرد كە لەبەردەم یەكێتی و پارتیدان، ئەوانیش بریتین لە ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێك یان بە دوو كاندید دەچینە كۆبوونەوەی پەرلەمانەوە. وتیشی "یەكێتی كار دەكات لەسەر ڕێككەوتن لەسەر یەك كاندید، ئەگەر نەكرێت، ئەوە سیناریۆی ٢٠١٨ دووبارە دەبێتەوەو بە دوو كاندیدەوە دەچنە كۆبوونەوەی پەرلەمان".

پەرلەمنتارەكەی یەكێتی جەختی لەوە كردەوە كە "تا ئێستا كاندیدمان د. بەرهەم ساڵحە"، بەڵام ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەنجامی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتیی حیزبەكەی لەگەڵ پارتی تا ڕۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، یەكلای دەكاتەوە كە ئەو بابەتە چۆن تێدەپەڕێنرێت.

بەردەوامیی كێشەی سەرۆككۆمار لە نێوان پارتی و یەكێتیدا، لە كاتێكدایە كە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری كۆتایی دا و محەمەد شیاع سودانیی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران كاندید كرد.

بۆ چارەسەری كێشەی سەرۆككۆمار، دوایین كۆبوونەوەی پارتی و یەكێتی لە نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانیدا بووە.

محەمەد شیاع سودانی، كاندیدی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران، ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و سەرۆکی فراکسیۆنێکە کە سێ‌ کورسیی لە پەرلەمان هەیە، پێشووتریش چەند پۆستێکی باڵای حکومیی هەبووە.

سودانی پارێزگاری میسان و وەزیری هەریەک لە وەزارەتەکانی مافی مرۆڤ، بازرگانی و پیشەسازی و کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بووە لە کابینەکانی پێشووی حکومەتی عێراقدا.

دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی کە دوای کشانەوەی سەدرییەکان بوونە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت خێراتر دەکات.

بەرلەوەی سودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕابسپێردرێت، دەبێت پەرلەمان پۆستی سەرۆککۆمار یەکلایی بکاتەوە کە هێشتا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ڕێککەوتنێکی فەرمیی ئاشکرا نییە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش.