بە مووشەکی کاتیۆشا هێرش کرایەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ

25-07-2022 08:21
ئاگرکەوتنەوە لە کێڵگەی کۆرمۆر بەهۆی هێرشەکەی ئەمشەو. وێنەکە تایبەت بۆ پەرەگراف نێردراوە.

پەرەگراف

بۆ چوارەم جار لە ماوەیەکى کورتدا، بە مووشەك هێرش كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ. ژمارەیەك كاتیۆشا ئاراستەی كێڵگەكە كرا و ئاگر كەوتەوە.

سەرچاوەیەك لە كێڵگەی گازی كۆرمۆر تایبەت بە پەرەگراف وتی "ئەمشەو بە مووشەكی كاتیۆشا هێرش كرایە سەر كێڵگەكە".

سەرچاوەكە وتیشی "من خۆم چوار مووشەكم ژمارد كە ئاڕاستەی كێڵگەكە كرا، بەو هۆیەوە ئاگر كەوتووەتەوە و هیشتا زیانەكان نازانین".

هێرشەكە كەمێك بەر لە كاتژمێر 8ی ئەمشەو ئەنجام دراوە.

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی گازی ھەرێمی كوردستانە و كۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی كاری تێدا دەكات. گازی سرووشتی بۆ وێستگەكانی كارەبا لە هەولێر‌، چەمچەماڵ و بازیان دابین دەكات كە لە سەرچاوە سەرەكییەكانی بەرھمھێنانی كارەبان، لەگەڵ دابینكردنی غازی ماڵان.

ڕۆژی 22-6-2022 بۆ یەكەم جار بە یەك مووشەك هێرش كرایە سەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر. ئەوكات كۆمپانیای دانەغاز ڕایگەیاند "زیانی ماددیی بە ناوچەی كاری كێڵگەی كۆرمۆر نەگەیاندووە و پرۆسەی بەرهەمهێنانی غاز بە شێوەیەكی سروشتی و بەبێپچڕان بەردەواە".

كۆمپانیاكە وتیشی "دوو كارمەندمان بەهۆی كەوتنەخوارەوەی مووشەكەكەوە بە سووكی بریندار بوون، دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی گەڕاونەتەوە سەر كار".

دواتریش دوو جاری دیكە لە ڕۆژانی 24 و 25 -6-2022 هێرشی مووشەكی كرایەوە سەر كێڵگەكە.

لە دوای هێرشی دووەم، سەرچاوەیەك لەناو كەمپی كۆمپانیای دانەغاز لە كێڵگەی كۆرمۆر، بۆ پەرەگراف ئاشكرای كرد كە "لە ماوەی ڕابردوودا سێ‌ جار درۆن (فڕۆكەی بێفڕۆكەوان) بەسەر كێڵگە غازییەكەدا سوڕاوەتەوە".

ئەو سەرچاوەیە وتی "جاری یەكەم زیاتر لە مانگێك بەر لە هێرشەكە درۆنێك هاتووەتە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و لەلایەن پاسەوانەكانی كێڵگەكەوە بە چەكی قەناس تەقەی لێ كراوە. دواتریش شەوێك لە نێوان كاتژمێر 7:30 بۆ 9ی شەو درۆن بینراوە و تەقەی لێ‌ كراوە".

كۆمپانیای دانەگاز بە وەرگرتنی 250 ملیۆن دۆلار قەرز لە دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا، سەرقاڵی فراوانكردن و بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازە لە كێڵگەی كۆرمۆر، بە ئامانجی بەرزكردنەوەی بەرھەمی ڕۆژانە بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا گاز تاساڵی ٢٠٢٣.

دانەگاز لەگەڵ دەزگای دارایی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی ئەمەریكا ڕێككەوتووە كە بۆ ماوەی حەوت ساڵ پاڵپشتی لە پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر بكات، كۆی تێچووی پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەكە 630 ملیۆن دۆلارە.

ڕۆژی 15-2-2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق كە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە و بڕیارەكانی پابەندكەرن، بڕیارێكی پێنج خاڵیی لە دژی كەرتی نەوت و غازی هەرێم دەركرد.

"نادەستووریبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان‌ ژمارە (22)ی ساڵی 2007 و پووچەڵكردنەوەی، پابەندكردنی حكومەتیهەرێمی كوردستان بە ڕادەستكردنی تەواوی نەوت بە حكومەتی فیدراڵی، چاودێریی پووچەڵكردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكانی حكومەتی هەرێملەلایەن وەزیری نەوتی عێراقەوە"، كرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بوو.

حكومەتی هەرێم چەند جارێك بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی ڕەت كردووەتەوە و سوورە لەسەر بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتەكەی. جەختیش دەكاتەوە كە یاسای نەوت و غاز و كۆی پرۆسەی نەوتی هەرێم دەستوورییە. ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمیش دەڵێت "مامەڵەیحكومەتی هەرێم لە دۆسیەی نەوت و گازدا نادەستووری نییە".

ڕۆژی 28-3-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆڕبەندی جیهانیی وزە لە ئیمارات، ڕایگەیاند"سوورین لەسەر ئەوەی كوردستان بكەینە سەنتەرێكی وزە لە ناوچەكەدا و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبین بە هەناردەكاری گاز بۆ بەشەكانیدیكەی عێراق، توركیا و ئەورووپا و پێداویستیی ئاسایشی وزەی ئەوان دابین دەكەین".

بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی و هەنگاوەكانی حكومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی، هەروەها هێرشەكان بۆ سەر كەرتی نەوت و گازی هەرێم، هەموو یەك لە دوای یەك پاش ئەوە هاتن كە بەرپرسانی هەرێم هەوڵی جیددییان بۆ پەرەرپێدانی گاز بە ئامانجیهەناردەكردنی دەست پێ‌ كرد.

بەرپرسانی هەرێم لە یەكەم هەنگاودا گفتوگۆیان لەگەڵ توركیا كردووە كە دەیانەوێت هاوشێوەی نەوت، گازیش لە ڕێگەی ئەو وڵاتەوە هەناردەی جیهان بكەن، ئەم كارانەش حكومەتی عێراق و دەوڵەتی ئێرانی دراوسێی نیگەران كردووە.