وەزیری کارەبای عێراق: ئامادەین گازی هەرێم بکڕین بەڵام نییانەو بەشی خۆیشیان ناکات

26-07-2022 01:13

پەرەگراف

وەزیری کارەبای عێراق ڕایگەیاند، ئەگەر هەرێمی کوردستان زیادەی گازی هەبێت حکومەتی عێراق ئامادەیە لێیان بکڕێت، بەڵام ئەوەی دیارە نییانەو بەشی خۆشیان ناکات.

ئەو وتانەی عادل کەریم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدابوو لەگەڵ کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێم، وەزیری کارەبای عێرااق وتیشی، ئومێد دەکەن هەرێم کار لەسەر ئەوە بکات لە ساڵانی داهاتوودا گازی زیاتر بەرهەم بهێنێت و عیراق ئامادەیە بیکڕێت، چونکە پێویستیی بە گازی زیاتر هەیە.

"عێراق بە نیازە لە ٣ تا ٤ ساڵی داهاتوودا ١٥ تا ١٨ هەزار مێگاواتی دیکە کارەبا بەرهەم بهێنێت بۆ ئەوەش پێویستی بە گازو سووتەمەنی دەبێت" عادل کەریم وای وت.

ئەو وتانە لەکاتێکدایە کێڵگەی کۆرمۆر کە گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە لە هەرێمی کوردستان، شەوی ڕابردوو جارێکی دیکە بە مووشەکی کاتیۆشا هێرشی کرایەسەر.

کەمال محەمەد کە هاوکات وەزیری سامانە سرووشتییەکانە بە وەکالەت، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، پاراستنی ئاسایشی کێڵگەی کۆرمۆر لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە.

وەزیری سامانە سرووشتییەکان هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" ناوبردو وتی"ئامانجی ئەم کردەوە تیرۆریستییانە، بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئەو پڕۆژانەیە، کە ئەنجام دەدرێن، ئێمە ئەو کارانە ئیدانە دەکەین و جێگەی قبوڵکردن نییە".

کەمال محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هێرشە لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق تاوتوێ کراوەو ئەو پڕۆژەیەی هێرشیکراوەتەسەر، سوودی بۆ سەرانسەری عێراق هەیە و بەشێک لەو کارەبایەی بە گازی کێڵگەکە بەرهەمدەهێندرێت بۆ عێراقە.