یەکێتی پێشنیارێکی پارتی ڕەتدەکاتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار

26-07-2022 01:35

پەرەگراف

یەکێتی ڕەتیدەکاتەوە دیاریکردنی کەسێک وەک کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە، ئەمە نوێترین پێشنیاری پارتییە بۆ یەکێتی لەسەر ئەو پرسە.

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بە پەرەگرافی وت "پارتی بە پاساوی ئەوەی پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکات، پێشنیاری کردووە پرسی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بە دەنگدان لە پەرلەمانی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام ئێمە ئەوەمان ڕەتکردووەتەوە".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی وتیشی "پارتی لەگەڵ پێکهاتەکان نیوە کۆ یەکی پەرلەمانی کوردستانیان هەیەو هەر دەنگدانێک لەبەرژەوەندیی ئەوان یەکلادەبێتەوە، یەکێتی سەرۆککۆمار بە ماف و پشکی خۆی دەزانێت نایخاتە پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنی لەوجۆرە".

هێشتا گرێکوێرەی پۆستی سەرۆککۆمار لە نێوان پارتی و یەکێتیدا نەکراوەتەوەو ئەو حیزبە سوورن لەسەر کاندیدەکانیان، ئەوەش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری پەکخستووە.

دوای ئەوەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلا كردەوە کە محەمەد شیاع سودانییە، ئێستا چاوەڕێی کوردن بۆ کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ئەگەر پارتی و یەکێتی نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا پۆستەکە بە هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراق یەکلادەکرێتەوە.

سروە محەمەد زەنگەنە، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، دوێنێ بە پەرەگرافی وت "كە شیعە ڕێككەوت لەسەر سەرۆكوەزیران، چاوەڕێی كورد ناكەن و لەم هەفتەیەدا داوای كۆبوونەوەی پەرلەمان دەكەن".

سەبارەت بە كاندیدی پۆستی سەرۆككۆمار كە گرێكوێرەی نێوان یەكێتی و پارتییە، ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی دەڵێت "كۆبوونەوەكان لە نێوان هەردوولا بەردەوام دەبن بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێكی هاوبەش".

سروە محەمەد ئاماژەی بە دوو سیناریۆ كرد كە لەبەردەم یەكێتی و پارتیدان، ئەوانیش بریتین لە ڕێككەوتن لەسەر كاندیدێك یان بە دوو كاندید دەچینە كۆبوونەوەی پەرلەمانەوە. وتیشی "یەكێتی كار دەكات لەسەر ڕێككەوتن لەسەر یەك كاندید، ئەگەر نەكرێت، ئەوە سیناریۆی ٢٠١٨ دووبارە دەبێتەوەو بە دوو كاندیدەوە دەچنە كۆبوونەوەی پەرلەمان".

پەرلەمانتارەكەی یەكێتی جەختی لەوە كردەوە كە "تا ئێستا كاندیدمان د. بەرهەم ساڵحە"، بەڵام ئاماژەی بەوەش كرد كە ئەنجامی كۆبوونەوەكانی سەركردایەتیی حیزبەكەی لەگەڵ پارتی تا ڕۆژی كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، یەكلای دەكاتەوە كە ئەو بابەتە چۆن تێدەپەڕێنرێت.

دیاریکردنی کاندید بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی کە دوای کشانەوەی سەدرییەکان بوونە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت خێراتر دەکات.

بەرلەوەی سودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕابسپێردرێت، دەبێت پەرلەمان پۆستی سەرۆککۆمار یەکلایی بکاتەوە کە هێشتا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ڕێککەوتنێکی فەرمیی ئاشکرا نییە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش.