هێرشەكەی زاخۆ دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ كۆتاییهێنان بە داگیركارییەكانی توركیا؟ پلانی عێراق چییە؟

26-07-2022 05:13
سەردانی شاندی باڵای سەربازیی عێراق بۆ هیڵی سنووری لەگەڵ توركیا لە پارێزگای دهۆك 26-7-2022

پەرەگراف

شاندێكی باڵای سەربازیی عێراق بۆ لێكۆڵینەوە و داڕشتنی پلان بۆ كۆتاییهێنان بە داگیركارییەكانی توركیا، سەردانی ناوچە سنوورییەكانی لە پارێزگای دهۆك كرد. شاندەكە ئاڵای عێراقی لە بەرانبەر ئاڵای توركیا هەڵ كرد و دەڵێت "پلانێك دەخەینە بەردەم مستەفا كازمی بۆ ئەوەی هێڵی سنووری لەگەڵ توركیا بگرینە دەست".

شاندی باڵای سەربازیی عێراق بە سەرۆكایەتیی فەریقی یەكەم عەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، سەردانی ناوچەی سنووریی باتیڤای كرد و هەڵسەنگاندنی بۆ قەبارەی سوپای توركیا لە ناوچەكە و دۆخی سنووریی نێوان توركیا و عێراق لە هەرێمی كوردستان كرد.

پاش سەردانەكە شەمەری ڕایگەیاند "پێویستە سنوورەكانمان بە تەواوەتی بپارێزین و بەپەلە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كاری هاوبەش بكەین".

جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بە كەناڵی عێراقییەی ڕاگەیاندووە كە "پلانێكی تەواو دانراوە بۆ پاراستنی سنووری نێوان عێراق و توركیا كە لە نزیكترین كاتدا پلانەكە دەخرێتە بەردەم مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و سەرۆكوەزیرانی عێراق".

شاندە سەربازییەكەی عێراق سەردانی فەوجی دووی لیوای یەكی هێزەكانی پاسەوانی سنووری كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی فەوجەكە گفتوگۆی كردووە كە لە ناوچەی باتیڤای سەر بە ئیدارەی زاخۆ لە پارێزگای دهۆك بەرپرسیارێتیی پاراستنی سنوورەكەیان لە ئەستۆدایە.

بەپرسانی فەوجی دووی لیوای یەكی هێزەكانی پاسەوانی سنوور ئاماژە بەوە دەكەن كە توانا و خاڵە سەربازییەكان بۆ پاراستنی سنووری نێوان عێراق و توركیا لە سنووری پارێزگای دهۆك كەمن و پێویستە زیاد بكرێن.

توركیا بە پاساوی دوورخستنەوەی هەڕەشەی پەكەكە لەسەر وڵاتەكەی، چەند ساڵێكە ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دەست پێ‌ كردووە و دەیان كیلۆمەتر خاكی عێراق و هەرێمی بەزاندووە، ژمارەیەكی زۆریش بنكە و بارەگای سەربازیی لە ناوچە داگیركراوەكان دامەزراندووە.

دوایین تۆپبارانی توركیا بۆ سەر گوندی گەشتیاریی پەرەخ لە سنووری زاخۆ و كوژرانی نۆ گەشتیاری عەرەب و برینداربوونی 23ی دیكە، حكومەتی عێراقى هێنایە سەر هێڵ و چەندین ڕێكاری بۆ كۆتاییهێنان بە داگیركارییەكانی توركیا دەست پێ‌ كردووە.

توركیا دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەكەی لەناو خاكی عێراق بۆ دابڕینی پەیوەندیی پەكەكەیە بە ناوچە سنوورییەكانی وڵاتەكەیەوە، پلانەكەی عێراقیش بۆ گرتنە دەستی ئەو ناوچە سنوورییانەیە تا پاساو بۆ داگیركاریی توركیا نەهێڵیتەوە، بەڵام جارێ‌ ڕوون نییە كە تا چەند پلانەكە هەنگاوی پێوست دەنێت و لە ڕووی واقعییەوە قابیلی جێبەجێكردنە.

ئێوارەی ئەمڕۆیش ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە ئامادەیی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، سەبارەت بە سكاڵاكەی عێراق دژی داگیركارییەكانی توركیا كۆدەبێتەوە.
شەوی ڕابردوویش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئیدانەی تۆپبارانەكەی زاخۆی كرد و پشتیوانیی خۆی بۆ سەربەخۆیی و سەروەریی خاكی عێراق دووپات كردەوە.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەبارەت بە ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت "یەكەم جارە ڕاگەیەندراوی لەو جۆرە لە چوارچێوەی ئەو پێشێلكارییانەی لەسەر سەروەریی خاكی عێراق ئەنجامی دەدرێت، دەربكرێت".