فەرمانبەرانی گرێبەست لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن

27-07-2022 12:11
خۆپیشاندانی ئەمڕۆی فەرمانبەرانی گرێبەست لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران. وێنە؛ فەرمان سادق/پەرەگراف

پەرەگراف- فەرمان سادق

فەرمانبەرانی گرێبەست لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر خۆپیشاندانیان ئەنجامداو داوای بە هەمیشەییکردنیان دەکەن.

فەرمانبەرانی گرێبەست وەک خۆیان دەڵێن ژمارەیان نزیکەی ٣٠ هەزار فەرمانبەر دەبن.

یەکێک لەو فەرمانبەرانە بە پەرەگرافی وت، ئەو لە سلێمانییەوە هاتووە و ٩ ساڵە فەرمانبەری گرێبەستە، هەیانە ١٨ ساڵە گرێبەستەو بەپێی یاسا دەبێت دوای ٣ ساڵ بکرێن بە هەمیشەیی، بەڵام هێشتا ناکرێن "ئەمە غەدرێکی گەورەیە".

فەرمانبەرێکی دیکە لە هەڵەبجەی شەهیدەوە بەشداربوو لە خۆپیشاندانەکەو بە پەرەگرافی وت "١٤ ساڵە گرێبەستم و داوادەکەین بکرێین بە هەمیشەیی و چەندینجار ئەو داوایەمان کردووەو بۆیان نەکردووین".

فەرمانبەران وەک پیشاندانی ناڕەزایی شەقامی شەست مەتریی بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانیان داخست لە هەولێر.