پەرەگراف سەرچاوەی داهاتی پێنج ساڵی ڕابردووی ئاشکرا دەکات

27-07-2022 04:14

پەرەگراف

لە هەنگاوێکی نوێدا ماڵپەڕی پەرەگراف بودجەی ساڵانەو سەرچاوەکانی داهاتی پێنج ساڵی یەکەمی کارکردنی بڵاودەکاتەوە.

لە مانگی ١ی ٢٠١٧ کە سەرەتای دەستپێکردنی کاری ماڵپەڕەکە بووە تا مانگی ١٢ی ٢٠٢١ کۆی گشتی داهاتەکەی ١٤٢ هەزارو ٣٥٥ دۆلار بووە، ئەمە بەدەر لەو شەش هەزار دۆلارەی وەک پارەی کەسیی دەستپێکردنی کار خاوەن ئیمتیازی ماڵپەڕەکە لە سەرەتاوە دابینی کردووە.

لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا پەرەگراف لەسەدا ٦٥ی کۆی داهاتەکەی پاڵپشتی دارایی نێودەوڵەتی بووە بە بڕی ٩٢ هەزارو ٦٣٠ دۆلار، بۆ کارە ڕۆژنامەوانییەکانی و خولێکی ڕاهێنانی ڕۆژنامەوانیی.

لەسەدا ٣٥ی کۆی داهاتەکەشی کە دەکاتە ٤٩ هەزارو ٧٢٥ دۆلارە، سەرچاوەکەی ڕیکلامی ناوخۆیی و هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بووە بۆ لیست و قەوارە جیاوازەکانی کاتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق.

لەم گرافیکەدا سەرچاوەکانی داهات و بڕی پارەو بودجەی ساڵانەی پەرەگراف ڕوونکراوەتەوە.