دۆخی بەغداد ئاڵۆزەو خۆپیشاندەران چوونە ناو بینای پەرلەمان

27-07-2022 07:27
خۆپیشاندەران لەناو پەرلەمان.

پەرەگراف

سەدان کەس لە لایەنگرانی سەدر لە بەغداد خۆپیشاندانیان لە دژی محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا.

خۆپیشاندەران چوونە ناوچەی سەوز و بەربەستەکانیان تێپەڕاند، پاشان چوونە ناو بینای پەرلەمانی عێراق و بەشی میوانداریی ئەنجومەنی وەزیران.

مستەفا کازمی داوا لە خۆپیشاندەران دەکات ئارام بن و موڵک و ماڵی دەوڵەت بپارێزن و دەستبەجێ لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە. 

سەرۆکوەزیرانی عێراق دەشڵێت، هێزە ئەمنییەکان ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندەران و دامەزراوەکانی دەوڵەت و نێردە نێودەوڵەتییەکانیان لە ئەستۆیەو دەبێت ڕێگریی لە هەر کێشەیەکی ئەمنیی بکەن.

هەرچەندە سەدرییەکان ڕاستەوخۆ بانگەشەی خۆپیشاندانیان نەکردووە، بەڵام چەند پۆستیکی کەسایەتییە دیارەکانی ئەو ڕەوتە ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە ناڕاستەوخۆ هاندەری خۆپیشاندەران بن.

محەمەد ساڵح عێراقی کە بە کەسایەتییەکی نزیک لە سەدر دادەنرێت و هەندێک سەرچاوەش دەڵێن سەدر خۆیەتی، لە نوێترین پەیامیدا بۆ خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆ دەڵێت "بەڕێزەوە بۆتان دەوەستم، ئەمە پەیامێکی خۆڕسکانەی چاکسازیی جوانی گەلە، سوپاستان دەکەم، هەیە پلان دژی ئێوە دەگێڕێت، بۆیە سەلامەتیتان لە پێش هەموو شتێکەوەیە، ئەگەر ویستتان بکشێنەوە من ڕێز لەو بڕیارەتان دەگرم".