سەدر خۆپیشاندانەکە بە 'گوێ ڕاکێشان و شۆڕشی چاکسازیی وڕەتکردنەوەی تاریکی و گەندەڵیی' ناو دەبات

27-07-2022 08:37

پەرەگراف

موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا بۆ خۆپیشاندەران، خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ بە 'گوێ ڕاکێشان و شۆڕشی چاکسازیی و ڕەتکردنەوەی تاریکی و گەندەڵیی' ناودەبات و دەڵێت: پەیامەکەتان گەیشت خۆشەویستان، گەندەڵکارانتان ترساند، دوو ڕکات نوێژ بکەن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەکانتان.

دوای ئەو پەیامەی سەدر، خۆپیشاندەران لەناو بینای پەرلەمان و ناوچەی سەوز دەستیان بە کشانەوە کرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ سەدان کەس لە لایەنگرانی سەدر لە بەغداد خۆپیشاندانیان لە دژی محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا.

خۆپیشاندەران چوونە ناوچەی سەوز و بەربەستەکانیان تێپەڕاند، پاشان چوونە ناو بینای پەرلەمانی عێراق و بەشی میوانداریی ئەنجومەنی وەزیران.

مستەفا کازمی داوا لە خۆپیشاندەران کرد ئارام بن و موڵک و ماڵی دەوڵەت بپارێزن و دەستبەجێ لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە. 

سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی، هێزە ئەمنییەکان ئەرکی پاراستنی خۆپیشاندەران و دامەزراوەکانی دەوڵەت و نێردە نێودەوڵەتییەکانیان لە ئەستۆیەو دەبێت ڕێگریی لە هەر کێشەیەکی ئەمنیی بکەن.

هەرچەندە سەدرییەکان ڕاستەوخۆ بانگەشەی خۆپیشاندانیان نەکردووە، بەڵام چەند پۆستیکی کەسایەتییە دیارەکانی ئەو ڕەوتە ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە ناڕاستەوخۆ هاندەری خۆپیشاندەران بن.

محەمەد ساڵح عێراقی کە بە کەسایەتییەکی نزیک لە سەدر دادەنرێت و هەندێک سەرچاوەش دەڵێن سەدر خۆیەتی، لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا پەیامێکی ئاڕاستەکردن و وتی "بەڕێزەوە بۆتان دەوەستم، ئەمە پەیامێکی خۆڕسکانەی چاکسازیی جوانی گەلە، سوپاستان دەکەم، هەیە پلان دژی ئێوە دەگێڕێت، بۆیە سەلامەتیتان لە پێش هەموو شتێکەوەیە، ئەگەر ویستتان بکشێنەوە من ڕێز لەو بڕیارەتان دەگرم".

خۆپیشاندانەکە کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، نوری مالیکی لە کاردانەوەی خۆپیشاندانەکەدا وتی : داوا لە حکومەتەکەی برام کازمی دەکەم، پەنابەرێتەبەر هەر ڕێگەیەکی ڕەوا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک بۆسەر شکۆی دەوڵەت و دامەزراوەکانی.

مالیکی داواشی لە خۆپیشاندەران کتد لە ناوچەی سەوز بکشێنەوە.