سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ: زیاتر لە پێنج مانگە داوای بینینی مەسرور بارزانیم کردووە وەڵامی نییە

27-07-2022 11:55

پەرەگراف

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ پەردەی لەسەر كەموكووڕی و كێشەكانی دەستەكەی هەڵدایەوە كە خۆی لە "ئیفلیجكردن"ی دەستەكە لەلایەن "حیزب و دەسەڵات" دەبینێتەوە. مونا یاقۆ دەڵێت "هەڵسەنگاندنی من لە كار لە بواری مافی مرۆڤدا نائومێدكەرە، بەهۆی نەبوونی پیشەیی و بێلایەنی".

مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە نووسینێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك، ئاشكرای دەكات كە زیاتر لە پێنج مانگە داوای چاوپێكەوتنی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كردووە، بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە ڕەوشی مافی مرۆڤ و ئەو كێشانەی كە ڕێگرن لە بەردەم كاری دەستەكەیان، بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەو داواكارییەی نەدراوەتەوە.

سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ باس لە "خواستی دەسەڵات بۆ ئیفلیجكردن"ی كاری دەستەكەی و "بەدیكۆركردن"ی دەكات، لە ڕێگەی "پابەندكردنی بە فەرمانی كەسانی دیاریكراو" و دەڵێت "دامەزراوەیەك كە گوایە سەربەخۆیە، ناتوانێت سەركەوتوو بێت لە كارەكانیدا، كە پۆستە هەستیارەكان تیایدا درابێتە كەسانێكی حیزبیی خاوەن باكگراوندێكی سیاسیی دیاریكراو، كە كاری سەرەكییان دروستكردنی قەیران و دووبەرەكایەتی بێت".

دەقی نووسینەكەی سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ:

مافی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمە كە شێوەی بەڕێوەچوونی كارەكان بزانن، كە سوێندم خواردووە بەرگری لە مافەكانیان بكەم:

1- زیاتر لە پێنج مانگ لەمەوبەر، داوای چاوپێكەوتنی سەرۆكوەزیرانی هەرێمم كرد، بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بەڕەوشی مافی مرۆڤ و پێشێلكاری و شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵیان و ئەو كێشانەی كە ڕێگرن لە پێش كاری دەستەكەمان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەڵامی ئەو داواكارییە نەدراوەتەوە.

2 - دامەزراوەیەك كە گوایە سەربەخۆیە، ناتوانێت سەركەوتوبێت لە كارەكانیدا، كە پۆستە هەستیارەكان تیایدا درابێتە كەسانێكی حیزبی خاوەن باكگراوندێكی سیاسیی دیاریكراو، كاری سەرەكییان دروستكردنی قەیران و دووبەرەكایەتی بێت.

ئەو جۆرە ڕاسپاردنە بەڵگەیە لەسەر خواستی دەسەڵات بۆ ئیفلیجكردنی كاری ئەم دەزگایانە و بەدیكۆركردنی بە پابەندكردنی بە فەرمانی كەسانی دیاریكراوەوە.

3 - كاركردن لە بواری مافی مرۆڤدا كارێكی ئەخلاقییە كە پەیوەستە بە ویژدانی تاكەوە، بۆیە دەبێت گرنگی بە بەرژەوەندیی هەر كەسێك بدەین كە مافی پێشێل كرابێت، بێ گوێدان بە مەیلی سیاسی و ئایین و نەتەوەیی، كە بەداخەوە ئەوەش بوونی نییە، چونكە كارەكە بووەتە كارێكی مەزاجی و هەڵبژاردەیی و مامەڵە لە گەڵ هەر گرفتێكدا بە پێی پۆلینكردنی سیاسی دیاریكراوەوە دەكرێت.

4 - هەڵسەنگاندنی من لە كار لە بواری مافی مرۆڤدا نائومێدكەرە، بەهۆی نەبوونی پیشەیی و بێلایەنی.

5- بە هەموو وزەیەكی خۆمەوە تێدەكۆشم، بۆ خزمەتكردنی هەموو چەوساوەیەك، هەتا ئەو ساتەی كە هەست دەكەم بونم وەك نەبون وایە. ئەو كاتە بڕیارێكی ترم دەبێت.

لە كۆتاییدا:

قسەی دبلۆماتێكی پلە بەرزم زۆر بەدڵ بوو كە پێش جەند ڕۆژێك چاوم پێی كەوت فەرموی "كاتم نییە چاوم بە هەموو لێپرسراوانی هەرێم بكەوێت، بەڵام چاوم بە ئێوە كەوت، چونكە چاوپێكەوتنی سەرۆكی مافی مرۆڤ بەسە بۆ ئەوەی بۆچوونێكم بداتێ لەبارەی هەموو كاروبارەكانی هەرێمەوە".

هیوادارم هەموو دەسەڵاتەكان گرنگیی مافی مرۆڤ بزانن، وەك ئەوەی ئەو كەسە دەیزانی.

تێبینی:

مەبەست لەم خستنەڕووە چاكسازییە، حەز دەكەم دەستەكەمان ببێتە ڕوكارێك، هەرێم شانازیی پێوە بكات. لە میانی بەجێهێنانی كارەكانی بە شێوەیەكی پیشەیی و بێ لایەنانە، نەك سەرقاڵ بین بە كاری لاوەكییەوە لەسەر حیسابی هاووڵاتی.

دەمەوێت جەستەمان ببێتە بەرەیەك كە هەرێم شانازیی پێوە دەكات، لە ڕێگەی كارە پیشەیی و بێلایەنییەكەیەوە، نەك بە بابەتی لایەنی ڕووكەشانە و لەسەر حسابی خزمەتكردن بە هاوڵاتیان سەرقاڵ بێت.