تورکیا کوشتنی ئەندامێکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری پەکەکەی لە سلێمانی ڕاگەیاند

28-07-2022 12:20
یەکەم لە دەستە ڕاستەوە خەدیجە هەزەرە.

پەرەگراف

تورکیا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەیدا-میت- لە شاری سلێمانی، خەدیجە هەزەر ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری پەکەکە گیانی لەدەستداوە.

هێشتا پەکەکەو دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئەم هەواڵەیان پشتڕاست نەکردووەتەوەو هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەوبارەوە نەداوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکیا، ئەو بەرپرسە باڵایە لەناو پەکەکەدا بە بێریڤان زیلان ناسراوە و لە ساڵی 1991 پەیوەندی کردووە بە ڕیزەکانی پەکەکەوە.

هەر بەپێی هەواڵی ئاژانسەکەی تورکیا، "تیمەکەی میت دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە بۆ تورکیا".

خەدیجە هەزەر خوشکی ئەندام پەرلەمانێکی پێشووی هەدەپەیە بەناوی توبا هەزەر ئۆزتورک و برایەکیشی ئەندامی پەکەکە بووە و لە ساڵی 1998دا لە ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیادا گیانی لەدەستداوە.