خەمیس خەنجەر: بەبێ واژۆکردنی داواکانمان و ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی بەشداریی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ناکەین

28-07-2022 07:31
بارزانی و خەنجەر

پەرەگراف

سوننەکانی هاوپەیمانی پارتی هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند لەبارەی بەشدارییان لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، مەرجیان ئەوەیە ڕێککەوتنی واژۆکراو لەسەر داواکارییەکانیان بکرێت و بەهەمان شێوە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانیش بکرێت.

خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادەی سوننەکان کە زۆرینەی سوننەن لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ڕێگەی نوری مالیکییەوە چوارچێوەی هەماهەنگیی ئاگادارکردووەتەوە لە مەرجەکانیان. خەنجەر مەرج و داواکانیانی ئاشکرا نەکردووە.

ئەو هەڵوێستەی سوننەکان لەکاتێکدایە، چوارچێوەی هەماهەنگی داواکارییەکەی ئاڕاستەی پەرلەمان کردووە بەمەبەستی ئەوەی ڕۆژی شەممە دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجام بدرێت.

پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردەو هێشتا لایەنە کوردییەکان هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوانیاندا نییە بۆ کاندیدێکی هاوبەش، پارتی و یەکێتی لە ڕکابەریدان، پارتی بۆ ڕێبەر ئەحمەد و یەکێتی بۆ بەرهەم ساڵح.