بەشیر حەداد: مەترسیی پێكدادانی چەكداری لەناو شیعەكان هەیە و پێویستە كورد بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە بێت

29-07-2022 08:02
بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە خولی پێشوودا

پەرەگراف - فەرمان سادق

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە خولی پێشوودا، هۆشداری دەدات لە ئەگەری ڕوودانی پێكدادانی چەكداری لە نێوان لایەنە شیعەكان و دەڵێت "پێویستە كورد خۆی بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە بكات". بەشیر حەداد پێی وایە "كەسێك دانانرێت یان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا نییە كە ڕەزامەندیی سەدری لەسەر بێت، بۆیە عێراق بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە هەنگاو دەنێت".

بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە خولی پێشوودا، لە گفتوگۆیەكی تایبەت لەگەڵ پەرەگراف دەڵێت "نوێژی هەینیی یەكگرتوو و خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییە، پەیامێكی سەدرییەكان بوو بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنەكانی دیكەیش كە ئەگەر ئێمە لە پەرلەمانیشدا نەمابین، لە شەقامدا هەین و بەبێ‌ ئێمە هیچ حكومەتێك پێك نایەت".

بەشیر حەداد باس لە مەترسییەكانی تێنەگەیشتن لەو پەیامەی سەدرییەكان دەكات و دەڵێت "ئەگەر بە ژیری مامەڵە لەگەڵ ئەو پەیامە نەكرێت، سەر دەكێشێت بۆ توندووتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری لەناو لایەنە شیعەكان".

سەبارەت بە هۆكاری ڕەتكردنەوەی كاندیدی سەرۆكوەزیران (محەمەد شیاع سودانی) لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، بەشیر حەداد لەگەڵ ئەوەی پێی وایە "كەسایەتییەكی بەتوانا و پاكە و بیر كراوەیە"، بەڵام دەڵێت "ئەوەی چانسی ئەوی سووتاندووە، ئەوەیە كە ماوەیەك لەناو دەوڵەتی یاسادا بووە و كەسێكی زۆر نزیك بووە لە مالیكی، بۆیە دەڵێن ئێمە كە نەمانهێڵا مالیكی ببێت بە سەرۆكوەزیران، ناهێڵین سێبەرەكەشی ببێت".

"كەسێك دانانێن یان نییە كە ڕەزامەنیی سەدری لەسەر بێت، ئەمەش مانی ئەوەیە حكومەت پێك نایەت و عێراق سەر دەكێشێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە. ئەم حكومەتی مستەفا كازمی دەمێنێتەوە تا هەندێك یاسا هەموار بكرێتەوە، وەكوو یاسای هەڵبژاردنەكان و گۆڕینی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان، دواتریش پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت"، بەشیر حەداد بۆ پەرەگراف وا دەڵێت.

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە خولی پێشوودا جەخت دەكاتەوە كە "پێویستە كورد خۆی ئامادە بكات بۆ هەموو ئەگەرێك، چونكە ئەگەر ناكۆكییەكانی ناو شیعە سەربكێشێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری، كوردستانیش سەلامەت نابێت و پریشكی ئەو ئاگرەی بەر دەكەوێت، بۆیە پێویستە كوردیش خۆی ئامادە بكات بۆ هەموو ئەگەرێك و نێوماڵی كورد یەك بخرێتەوە و بە وەرەقەیەكی سیاسیی یەكگرتوو خۆیان ئامادە بكەن بۆ هەر پێشهاتێكی سیاسی".