چوارچێوەی هەماهەنگی داوای خۆپیشاندان لە خەڵکی عێراق دەکات 'بۆ پاراستنی دەوڵەت'

30-07-2022 02:37

پەرەگراف

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەکدا داوا لە خەڵکی عێراق دەکەن بۆ خۆپیشاندانی ئاشتییانە بە مەبەستی  پاراستنی دەوڵەت و دامەزراوەکانی.

چوارچیوەی هەماهەنگی بە نیگەرانییەوە لە ڕووداوەکانی بەغداد دەڕوانێت "بەتایبەت دەستدرێژیکردنەسەر دامەزراوە دەستورییەکان، چوونەسەر ئەنجومەنی نوێنەران و هەڕەشەی چوونەسەر دەسەڵاتی دادوەریی".

چوارچێوەکە داوا لە خەڵک دەکات "بوەستنەوە بە ڕووی ئەم پێشێلکارییە مەترسیدارەدا" بۆ ئەوەش داوای خۆپیشاندان دەکات.

"ئەو لایەنانەی لە پشتی ئەم خۆپیشاندانانەوەن بەرپرسیارن لە تێکچوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی ئەم کردارانەی کە پێچەوانەی یاسان" چوارچێوەی هەماهەنگی وادەڵێت.

ئەو هەڵوێستەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاتێکدایە، خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر لە بەغداد بەردەوامەو جارێکی دیکە چوونەناو بینای پەرلەمانی عێراق، ئەمە دووەم جارە لە سێ ڕۆژدا دەچنە ناو پەرلەمان. ئەمڕۆش بەهۆی ڕوبەڕوبوونەوەو تەقەی هێزە ئەمنییەکان چەندین خۆپیشاندەر برینداربوون.

خۆپیشاندەران ئەو بەربەستە کۆنکرێتییانەیان تێپەڕاند کە بۆ ڕێگریی لە گەیشتن بە ناوچەی سەوز بۆیان دانرابوون.

ساڵح محەمەد عێراقی کە بە کەسایەتییەکی نزیک لە سەدر دادەنرێت و هەندێکیش پێیانوایە سەدر خۆیەتی، لە پەیامێکدا گەل بە هێڵی سوور نادەبات و دەڵێت "کوتلە سیاسییەکان بەرپرسن لە هەر دەستدرێژییەک کە دەکرێتەسەر خۆپیشاندەران، هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ چاکسازیداین و چاکسازیی لەگەڵ ئەوانە. پارەی عێراقتان دزیی بەسە دەستبردن بۆ خوێنی پاکەکان".

خۆپیشاندەران دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانین لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.

لەگەڵ وتنەوەی دروشم دژی دەسەڵاتداران و ستایشکردنی سەدر، خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەرییان کرد.