كازمی: دۆخەكە زۆر سەخت و هەستیارە و ئاگری فیتنە هەمووان دەسووتێنێت

30-07-2022 05:26

پەرەگراف

مستەفا كازمی لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا دۆخی ئێستای عێراقی بە "زۆر سەخت و زۆر هەستیار" وەسف كرد و داوای لە لایەنەكان كرد "گفتوگۆ بكەن و ڕێك بكەون"، چونكە "ئاگری فیتنە هەمووان دەسووتێنێت".

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە وتارەكەیدا كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێشكەشی كرد، پێشهاتەكانی ئێستای عێراقی بە "فیتنە" ناو بردووە و دەڵێت "دەبێت هەموان هاوكار بن بۆ بەرگرتن بەم فیتنەیە و بزانن كە ئاگری فیتنە هەموان دەسووتێنێت".

سەرۆكوەزیرانی عێراق داوای لە لایەنە سیاسییەكان كرد "دوور بكەونەوە لە بە ناپاك ناساندن و پەراوێزخستنی یەكتر"، داوایشی كرد "لەپێناو عێراق و عێراقییەكان، پێكەوە دابنیشن و گفتوگۆ بكەن و ڕێكبكەون".

هەروەها داوای دانبەخۆداگرتنی لە هەموو لایەك كرد و وتی "داوا لە هەمووان دەكەم هێمن و ئارام و ژیر بن، پەنا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە نەبەن".

سەبارەت بە خۆپیشاندەرانیش، كازمی داواكار بوو لە هاووڵاتییان "ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان نەبنەوە و ڕێز لە دامەزراوەكانی دەوڵەت بگرن".