هەموو نەیارەكان ڕوویان لە سەدر كردووە و داوای گفتوگۆ دەكەن

30-07-2022 10:08

پەرەگراف

بەردەوامیی خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدر لە بەغداد و مەترسیی سەركێشانی بۆ توندووتیژی و شەڕی ناوخۆیی، سەركردەكانی شیعە و بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگیی بە نووری مالیكییشەوە هێناوەتە سەر خەت و داوا لە موقتەدا سەدر دەكەن كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.

جووڵەی ئەمڕۆی شەقام كە موقتەدا سەدر ئاراستەی دەكات، وەڵامێك بوو بۆ هەوڵی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە دەیانویست ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار ڕێك بخەن و سووریش بوون لەسەر كاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كە لەلایەن سەدرەوە ڕەت كراوەتەوە.

لە نوێترین كاردانەوەدا، ئێوارەی ئەمڕۆ نووری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە پەیامێكدا داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر كرد كە لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵكی عێراق، دەست بە گفتوگۆ بكەن و ڕێگە نەدرێت لەوە زیاتر عێراق بەرەو ناسەقامگیری هەنگاو بنێت.

لە پەیامەكەی مالكیدا هاتووە "لێكەوتەی ڕووداوەكانی ئەمڕۆ و دووبارەبوونەوەی كەوتنی دەسەڵاتی یاسادانان و بڵاوبوونەوەی كەشی ترس و تۆقاندنە، هانی دام پەیامێكی ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە ئاراستەی برایانم لە چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر بكەم بۆ ئەوەی هەڵوێستێكی بەرپرسیارانە بگرنە بەر و خۆیان لە كاریگەرییە نەرێنییەكان بە دوور بگرن".

سەرۆكی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە كردووە كە خەڵك لەژێر فشاری قەیرانەكاندان و لێكەوتەكانی مەترسیدارن و "ئاسایش و داهاتوو و دەرفەتی ژیانی شەرافەتمەندانەیان لەبار دەبات". دەشڵێت "بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و شەرعی لێمان دەخوازێت كە هەموو لایەكمان ڕێگەی گفتوگۆ بگرینە بەر و ڕێڕەوەكە ڕاست بكەینەوە، لەپێناو دەستپێكردنی پرۆسەی بنیاتنانەوەی دامەزراوە دەستوورییەكان".

هەر ئەمڕۆیش هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح كە لایەنێكی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگییە، داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەوتی سەدر كرد "دۆخەكە هێور بكەنەوە و پەنا بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی بونیادنەرانە ببەن بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان".

عامری كە خۆی سەركردەیەكی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگییە، دەڵێت "بۆ هەموو برایانی خۆشەویست و هاوبەشانی نیشتمان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ڕەوتی سەدر، لەگەڵ ئەوانەی كە ژیانی عێراق و عێراقییەكانیان بەلاوە گرنگە؛ داوا لە هەمووتان دەكەم پەنا بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە ببەن و دان بە خۆتاندا بگرن و ئارام بگرن. هەروەها داواتان لێ دەكەم پەنا بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی بونیادنەرانە ببەن بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان، چونكە ناكۆكییەكان هەر چەند بن، هەر دەكرێت بە هێمنی و دوور لە هەڵچوون چارەسەر بكرێن".

لە دوای ئەو دوو سەركردەی چوارچێوەی هەماهەنگی، قەیس خەزعەلی كە سەكردەیەكی دیكەی چوارچێوەكەیە، پاڵپشتیی لە پەیامەكانی عامری و مالیكی كرد و ڕایگەیاند "پەیامی سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ زاڵكردنی زمانی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن، لە هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی گەورەی نیشتمانی بەرانبەر گەل و هەستكردنیان بۆ گرنگیی پاراستنی دەوڵەت و دامەزراوەكانی سەرچاوەی گرتووە و هەموان لەسەری كۆدەنگین".

خەزعەلی دەشڵێت "داوا لە هەموو لایەك دەكەین هەڵوێستێكی نیشتمانییان هەبێت كە بۆ دۆخی ئێستا گونجاو بێت، پارێزگاری لە پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی بكرێت، ڕێگری لە دروستبوونی ئاژاوە بكرێت و هەموان بە یاسا و دەستوورەوە پابەند بن".

هاوكات عەممار حەكیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی، كە سەركردەیەكی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە، لە پەیامێكدا وتی "ئەو دۆخە نالەبارەی عێراق پێیدا تێدەپەڕێت، ئەوە لە هەمووان دەخوازێت كە ژیری و لۆژیك و گفتوگۆ و نەرمینواندن بۆ عێراق و گەلەكەی بنوێنن".

عەمار حەكیم داوای لە ڕەوتی سەدر و لایەنەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی كرد "گفتوگۆیەكی كراوە و ڕاستەوخۆ و بونیاتنەرانە دەست پێ بكەن، ئەوەش لە ژێر چەتری نیشتمان و بەرژەوەندیی نیشتمانی بۆ پاراستنی خوێنی عێراقییەكان".

"دەبێ لەو گفتوگۆیەدا هەموان یەكدی دڵنیا بكەنەوە كە نیازی پەراوێزخستنی هیچ كەسێك بۆ بەرژەوەندیی كەسێكی دیكە نییە. هەروەها وەكوو هەمیشە دڵنیایی دەدەین كە گفتوگۆ تاكە ڕێگەی نزیك و كورتە و هیچ ڕێگەیەكی دیكە نییە بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو و سەركەوتوو بۆ رزگاركردنی عێراق"، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە وا دەڵێت.

جگە لە سەركردەكانی شیعە، پێشهاتەكانی ئەمڕۆ سەرۆكایەتییەكانی عێراقیشی نیگەران كردووە و داوا لە لایەنەكان دەكەن بۆ چارەسەری كێشەكان دەست بە گفتوگۆ بكەن.

بەیانیی ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم لە ماوەی سێ‌ ڕۆژدا، لایەنگرانی سەدر بەربەستە كۆنكرێتییەكانیان لابرد و چوونە ناو ناوچەی سەوزی بەغدا و بینای پەرلەمان.

محەمەد شیاع سودانی كە كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەلایەن موقتەدا سەدرەوە ڕەت كراوەتەوە و شەقامی دژی هەر هەنگاوێك بۆ پێكهێنانی حكومەت لەلایەن ئەوەوە جووڵاندووە.

پێشتر لە گفتوگۆیەكی پەرەگرافدا، بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە خولی پێشوودا، سەبارەت بە هۆكاری ڕەتكردنەوەی كاندیدی سەرۆكوەزیران (محەمەد شیاع سودانی) لەلایەن موقتەدا سەدرەوە، وتی "ئەوەی چانسی ئەوی سووتاندووە، ئەوەیە كە ماوەیەك لەناو دەوڵەتی یاسادا بووە و كەسێكی زۆر نزیك بووە لە مالیكی، بۆیە دەڵێن ئێمە كە نەمانهێڵا مالیكی ببێت بە سەرۆكوەزیران، ناهێڵین سێبەرەكەشی ببێت".

ئێوارەی ئەمڕۆ، محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، چووە ژێر باری فشارەكانی خۆپیشاندەران و ڕایگەیاند بۆ ماوەیەكی دیارینەكراو كۆبوونەوەكانی پەرلەمان هەڵدەپەسێرن.

لە دوای بڕیارەكەی حەلبووسیییش، لایەنگرانی سەدر بارهەڵگرێك بلۆكیان بردە بەردەم پەرلەمان تا دەرگاكەی هەڵبچنن و بە تەواوی دای بخەن.

دەستپێكی خۆپیشاندانەكان لە بەیانیی ئەمڕۆدا توندوتیژیی لێ‌ كەوتەوە و بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق 100 خۆپیشاندەر و 25 ئەندامی هێزە ئەمنییەكان بریندار بوون كە برینی هەندێكیان سەختە.