نێچیرڤان بارزانی: لايه‌نه‌کانى عێراق بانگهێشت ده‌كه‌ين له‌ هه‌ولێرى پايته‌ختى دووه‌ميان ده‌ست به‌ گفتوگۆ بكه‌ن

31-07-2022 12:16

پەرەگراف

سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لایەنە سیاسییەكانی عێراق بانگهێشت دەكات كە "بێن لە هەولێری پایتەختی دووەمیان دەست بە گفتوگۆیەكی كراوەی كۆكەرەوە‌ بكەن و لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بگەنە لێكگەیشتن و ڕێككەوتن". نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "هیچ كێشەیەك نییە بە گفتوگۆ چارەسەر نەكرێت".

بانگەوازەكەی نێچیرڤان بارزانی لە كاتێكدایە دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ ناكۆكییە ناوخۆییەكان پەیوەست بە هەڵبژاردنی هەرێم، چەندین جار لایەنە كوردستانییەكانی كۆكردووەتەوە، بەڵام شكستی هێناوە لەوەی بیان گەیەنێت بە ڕێككەوتن، لەسەر پۆستی سەرۆککۆماریش کە ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەرە نەیتوانیوە بیانگەیەنێت بە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت "بە نیگەرانییەكی قووڵەوە لە دۆخی سیاسیی عێراق و پێشهاتەكانی دەڕوانین، داوا لە لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان دەكەین ئەوپەڕی دان بە خۆیاندا بگرن و بۆ چارسەركردنی كێشەكان گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەست پێ بكەن".

نێچیرڤان بارزانی هۆشداری دەدات كە "لەم دۆخە هەستیارەدا ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە، ئاشتیی كۆمەڵایەتی و ئاسایش و سەقامگیریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە".

"لە كاتێكدا ڕێز لە خواستی خۆپیشاندانی ئاشتییانەی جەماوەر دەگرین، جەخت لە پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئاسایش و سەر و ماڵی هاووڵاتییان و كارمەندانی دەوڵەت دەكەینەوە"، سەرۆكی هەرێم وا دەڵێت.

هەروەها جەختی كردووەتەوە كە "گەلی عێراق شایانی ژیان و ئێستا و داهاتوویەكی باشترە، ئەرك و بەرپرسیاریەتیی هاوبەشی هەموو هێز و لایەنەكانە پێكەوە عێراق لەم دۆخە هەستیار و مەترسیدارە دەرباز بكەن".

پێشتریش سەرۆكایەتیی هەرێم چەند جارێك حیزبەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆكردووەتەوە كە ناكۆكیی گەورەی لەسەرە، بەڵام شكستی هێناوە لەوەی بیانگەیەنێتە بە بۆچوونێكی هاوبەش.

بانگهێشتركردنی لایەنە عێراقییەكان بۆ هەولێر، لە كاتێكدایە كە كورد خۆی بەشێكە لە كێشەكانی عێراق و تا ئێستا پارتی و یەكێتی نەیان توانیوە لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ڕێك بكەون.