فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە سلێمانی: حیزب وەكوو بارەگایەكی خۆی لە دادگا دەڕوانێت

31-07-2022 02:25

پەرەگراف

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە سلێمانی، لە سەروبەندی گۆڕانكاری لە سەرۆكی دادگاكانی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی و گەرمیان داوا دەكات "بەبێ‌ دەستوەردانی حیزبی و بەپێی پێوەرە یاساییەكان، ئەو پۆستانە پڕ بكرێنەوە". دەشڵێت "دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان گەیشتووەتە ئەوەی كە حیزب وەكوو بارەگایەكی خۆی لە دادگا بڕوانێت و بە فیلتەری خۆیدا دادوەر دبنێت".

فیدراسیۆنەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێرى پەرەگراف ئامادەى بوو، بەیاننامەیەكی خوێندەوە كە تێیدا هاتووە "دەستوەردان لە كاروباری دادگا و دەسەڵاتی دادوەری تەنیا بە حیزبەوە نەوەستاوە، بگرە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردن و یاسادانانیشەوەیە".

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە سلێمانی ئاماژە بەوەش دەكات كە "لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان دەستوەردانی ڕوون و ئاشكرا هەبووە لە كاتی پڕكردنەوەی پۆستە دادوەرییەكاندا، تەنانەت لە ساتی پێكهێنانی حكومەتدا بە ئاشكرا باسی بەپشككردنی پۆستی ئەنجوومەنی دادوەری كراوە".

سەبارەت بە گۆڕانكاری لە سەرۆكی دادگاكانی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی و گەرمیان كە بڕیارە بەم نزیكانە بكرێت، فیدراسیۆنەكە خوازیارە "بەبێ‌ دەستوەردانی حیزبی و دوور لە وەلائـ و تەزكییە و بەپێی پێوەرە یاساییەكان، ئەو پۆستانە پڕ بكرێنەوە، تا ببێتە دەستپێكێك بۆ گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتیان بە دادگاكان و دوورخستنەوەی دەست حیزب و سیاسییەكان لە دادگاكان".

كارزان فازیل، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا وتی "ئەگەر پرۆسەكە بە ئاسایی و یاسایی بەڕێوە نەچێت، جارێكی دیكە حیزب دەستوەردان دەكات لەو گۆڕانكارییە هەستیارانەدا كە دواجار كاریگەریی نەرێنیی دەبێت بەسەر كۆی مافی هاووڵاتیانەوە".

"بەردەوامیی ئەم دەستوەردانەی حیزب لە كاری دادگاكاندا، سەرئەنجامەكەی زیادبوونی بێمتمانەیی هاووڵاتیانە بە دادگاكان و پەنا بردنە بۆ تۆڵەسەندنەوەی عەشائیری و كۆمەڵایەتی"، كارزان فازیل وای وت.