سەدر هێورکردنەوەی دۆخەکە ڕەت دەکاتەوەو داوای بەردەوامیی و فراوانکردنی مانگرتن و خۆپیشاندان دەکات
پەرەگراف
موقتەدا سەدر ئەو داواکارییانە ڕەت دەکاتەوە کە لایەنەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ئاڕاستەی دەکەن و داوا لە خەڵک دەکات بەردەوام بن لە داواکردنی چاکسازیی.
سەدر لە پەیامێکدا ڕووەو خۆپیشاندەران دەڵێت، دەرفەتێکی زێڕینتان لەبەردەمدایە بۆ ڕزگارکردنی عێراق لە گەندەڵکاران و ئەم دۆخە هەلێکی گەورەیە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستمی سیاسی و دەستوورو هەڵبژاردن کە ساختەکاریی تێداکرابوو.
"ئەگەر ئەم هەلەتان لەدەستدا دواتر لۆمەی من مەکەن، من داوای ئەوەتان لێدەکەم کە بەرژەوەندیی ئێوەی تێدایە بۆ ڕزگارکردنی نیشتیمان، کەرامەت، بژێوی و خێرو شکۆتان" سەدر وادەڵێت.
دەشڵێت "هەرکەسێک گوێی لە بانگەشەی چاکسازیی بوو و پشتگیریی نەکرد، دەبێتە ژێردەستەی توندوتیژی و میلیشیاو ڕفاندن. ئەم شۆڕشە خۆڕسکە هێمنانەیە کە ناوچەی سەوزی رزگارکرد قۆناغی یەکەمەو هەلێکی زێڕینە بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگە کە بە ئاگری ستەم و تیرۆرو گەندەڵی و داگیرکاری و شوێنکەوتەیی داخی کردووە".
ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە پەیامەکەیدا ئەوەش دەخاتەڕوو، "هەموو هیوایەکی هەیە کە ناخۆشییەکانی هەلی زێڕینی یەکەم لە ٢٠١٦دا دووبارە نەبێتەوە، ئەمە هەلێکی ترە بۆ لابردنی تاریکی و گەندەڵی و تاکڕەویی دەسەڵات و پاشکۆیەتی بۆ دەرەوەو دابەشکاریی و تائیفییەت کە لەسەر جەستەی عێراق بووە لە یەکەم ساتی داگیرکردنیەوە تا ئەمڕۆ".