سەدر وەڵامى عامریى دایەوە و سێ مەرجى بۆ ڕازیبوون بە گفتوگۆ ڕاگەیاند

01-08-2022 12:19

پەرەگراف

هادی عامری جارێكی دیكە داوا لە ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی دەكات بگەڕێنەوە بۆ زمانی گفتوگۆ. سەدریش لە ڕێگەی وەزیرەكەیەوە مەرجەكانی خۆی بۆ قبووڵكردنی گفتوگۆ ڕاگەیاند.

هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، داوا لە هەردوو لایەنی ناكۆكی شیعە دەكات "لۆژیكی ژیری و دانبەخۆداگرتن پەیڕەو بكەن و بەرژوەندی هاووڵاتیان و وڵات بخەنە پێش هەر بەرژەوەندییەكی دیكە، لە ڕێگەی گفتوگۆی جیددی و بونیاتنەرەوە هەوڵی نەهێشتنی خاڵە ناكۆكەكانی نێوانیان بدەن".

عامری هۆشداریشی دا كە "دۆخی ڕاگەیاندن لە ڕێگەی دەركردنی ڕاگەیەندراو و دژەڕاگەیەندراو بۆ هاندانی جەماوەر، بە ئاراستەیەكە كە ئەگەر هەیە لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت و سەربكێشێت بۆ توندووتیژی". دەشڵێت "خوێنی عێراقییەكان بۆ هەمووان بەنرخە و لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردووەوە گەلی عێراق خوێنی لێ دەچۆڕێت، با كۆتایی بە خوێنڕشتن بێت".

چەند كاتژمێرێك لە دوای دووەم پەیامی عامری بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، ساڵح محەمەد عێراقی كە بە وەزیری موقتەدا سەدر ناسراوە، وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی دایەوە و بە سێ‌ مەرج ئامادەیی بۆ دانوستان نیشان دا و دەڵێت "ڕازیبوونمان بە گفتوگۆ بەم مەرجانە دەبێت".

مەرجی یەكەمی سەدر ئەوەیە كە هادی عامری لە چوارچێوەی هەماهەنگی بكشێتەوە كە بەشێكە لێی. مەرجی دووەمیش هەر پەیوەستە بە عامری كە دەڵێت "بە ڕوونی و ڕاشكاوی ئیدانەكردنی تۆمارە دەنگییە دزەپێكراوەكانی (سپایكەرمان) كە لە ماوەی ڕابردوو بڵاو بوونەوە"، کە مەبەست لێى تۆمارە دەنگییەکانى مالیکییە.

"تۆ لە واژووكارانی بەڵگەنامەی چاكسازی بوویت كە جێبەجێ نەكرا. كێ گەرەنتی دەدات گفتوگۆی چاكسازی جێبەجێ بكرێت؟ پێویستە گەرەنتییەك بدەیت بۆ ئەوەی عێراق لە كەڵبەی گەندەڵی رزگار بكرێت"، ئەمەش مەرجی سێیەمی سەدرە بۆ هادی عامری.

وەزیرەكەی سەدر بە توانجەوە نووری مالیكیی بە (سپایكەرمان) ناو بردووە، وەكوو ئاماژەیەك بۆ ڕووداوی كۆمەڵكوژیی سەربازگەی سپایكەر لە پارێزگای سەلاحەدین لەسەر دەستی داعش لە ساڵی 2014، كە تێیدا بەلای كەمەوە هەزار سەرباز كوژران و ئەوكات نووری مالیكی سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو.