وەزارەتی دەرەوەی ئێران: بە وردی و هەستیارییەوە چاودێریی پێشهاتەكانی عێراق دەكەین

01-08-2022 03:17
ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران. فۆتۆ: ئاژانسى هەواڵى کۆمارى ئیسلامى (ارنا)

پەرەگراف

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "بە وردی و هەستیارییەوە" چاودێریی پێشهاتەكانی عێراق دەكەن و "ڕێز لە بژاردەی خەڵكی عێراق" دەگرن، بەڵام پێیان وایە "گفتوگۆ باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆیەكانی ئەو وڵاتە".

قسەكانی ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە كۆنفراسێكی ڕۆژنامەوانیدا بوو كە بەیانیی ئەمڕۆ ئەنجامی دا و وتیشی "عێراق وڵاتێكی گەورە و گرنگی دراوسێی ئێمەیە. ئێران بە وردی و هەستیارییەوە چاودێریی پێشهاتەكانی ئەو وڵاتە دەكات. هەمیشە جەخت دەكاتەوە لەسەر سەقامگیری و ئاسایش و ئەمنییەتی ئەو وڵاتە گرنگەی دراوسێ و دۆست و برا".

كەنعانی وتیشی "پێشهاتەكانی ئەم دواییەی عێراق كە پێدەچێت لە ناكۆكییە سیاسییە ناوخۆییەكانەوە سەرچاوەیان گرتبێت، بابەتێكی ناوخۆیی ئەو وڵاتەن". پێیشی وابوو "لایەنەكان، حیزبەكان و هێزە سیاسییەكانی عێراق دەتوانن لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێكارە یاساییەكاندا و بە شێوازی ئاشتییانە و ڕێزگرتنی بەرانبەر، ئەم دۆخە تێپەڕێنن و حكومەت پێك بهێنن".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی كردەوە كە "كۆماری ئیسلامی هەمیشە ڕێز لە بژاردە و بڕیاری خەڵكی عێراق دەگرێت، جەختیش دەكاتەوە كە گفتوگۆ باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتە".