سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەرین: ئەوەی زانراوە لە بۆردومانەکەدا یەک کەس برینداربووە

01-08-2022 04:13

پەرەگراف

فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگەی چوارقورنە-ڕانیە کردە ئامانج، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەرین دەڵێت، ئەوەی زانراوە لە بۆردومانەکەدا یەک کەس برینداربووە.

هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەرین، بە پەرەگرافی وت "ئەوەی زانراوە یەک بریندار هەیەو لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێت، کەس گیانی لەدەست نەداوە، ئۆتۆمبێلەکەش سووتاوە".

لەبارەی ناسنامەی بریندارەکە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەرین وتی "زانیاریم نییە کەسەکە کێیە"، وتیشی "بۆردومانەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەو تەقینەوە نەبووە. پێشتر ئەو حاڵەتانە لە ئیدارەی ڕاپەڕین لە سنوری قەڵادزێ هەبووە، بەڵام یەکەمجارە لە سنوری قەزای ڕانیە ئەو ڕووداوە ڕوودەدات".

بەپێی وتەی شایەتحاڵان، لە بۆردومانەکەدا "دوو بریندار هەبووەو گەریلای پەکەکە بوون"، بەڵام یەکێکیان نەبراوەتە نەخۆشخانە.

هەرچەندە بەرپرسانی ناوچەکە پشتڕاستی ناکەنەوە، بەڵام ئەگەر بەهێز ئەوەیە بۆردومانەکە لەلایەن تورکیاوە کرابێت، بەوپێیەی پێشووتریش چەندین هێرشی هاوشێوە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ڕوویانداوەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا گەریلاکانی پەکەکەی کردووەتە ئامانج.