بایدن كوژرانی سەرۆكی ڕێكخراوی ئەلقاعیدەی لە هێرشێكی ئەمریكا لە كابووڵ ڕاگەیاند

02-08-2022 03:57
ئەیمەن زەواهیرى و ئوسامە بن لادن

پەرەگراف

جۆ بایدن، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، كوژرانی ئەیمەن زەواهیری، سەرۆكی ڕێكخراوی ئەلقاعیدەی لە هێرشێكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا لە كابووڵی پایتەختی ئەفغانستان ڕاگەیاند.

بایدن لە گوتارێكدا كە لە كۆشكی سپی پێشكەشی كرد، وتی "ئەیمەن زەواهیری كە دەستی لە كوشتن و توندووتیژی بەرانبەر هاووڵاتیانی ئەمریكی هەبووە، دادپەروەری لە بەرانبەریدا جێبەجێ‌ كرا و چیتر ئەو ڕابەرە تیرۆریستە لە ژیاندا نییە".

سەبارەت ساتی ئەنجامدانی هێرشەكە، بەرپرسانی ئەمریكا وتوویانە كە "زەواهیری لەناو باڵكۆنی ئەو ماڵەدا بووە كەی خۆی تێدا حەشار داوە، فڕۆكە بێفڕۆكەوانە ئەمریكییەكە دوو مووشەكی بە ئاراستەی تەقاندووە".

هەروەها ڕایانگەیاندووە كە "ئەندامانی دیكەی خێزانەكەی زەواهیری لەناو خانووەكەدا بوون، بەڵام تەنیا خۆی كوژراوە".

جۆ بایدن ڕایگەیاند كە پێشتر شوێنی ئەیمەن زەواهیری لەلایەن ئەمریكاوە ئاشكرا كراوە كە "شوێنی خۆی بۆ كابووڵ گۆڕی بوو تا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی بژی. من دوای لێكۆڵینەوەی ورد و بەڵگەی باوەڕپێهێنەر دەربارەی شوێنەكەی، فەرمانی هێرشی وردم بۆ سڕینەوەی دەركرد".

ئەیمەن زەواهیری پاش كوژرانی ئوسامە بن لادن لە هێرشێكی ئەمریكادا لە ساڵی 2011، بوو بە سەرۆكی ڕێكخراوی ئەلقاعیدە. زەواهیر و بن لادن نەخشەداڕێژەری هێرشەكەی 11ی سێپتەمبەری 2001ی ئەمریكا بوون. ناوی زەواهیری لەناو لیستی "گەورترین تیرۆریستانی هەڵاتوو"ی ئەمریكادا بوو.

پێشتر بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا ڕایگەیاند كە "ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئۆپەراسیۆنێكی سەركەوتووی دژی ئامانجێكی تیرۆریستی زۆر گرنگی ڕێكخراوی ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان ئەنجام داوە كە هیچ مەدەنییەك تێیدا نەكوژراون".

ئەمە لە كاتێكدایە كە ڕۆژی یەكشەممە 31-7-2022، هێرشێك بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە كابووڵی پایتەختی ئەفغانستان بۆ سەر ماڵێك ئەنجام درا.

ڕۆژی دووشەممە، زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی "ئیمارەتی ئیسلامی"ی ئەفغانستان، ئیدانەی ئەو هێرشەی كرد كە "لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكاوە بۆ سەر ماڵێك لە ناوچەی شیرپوور لە كابووڵ ئەنجام دراوە".

كەناڵی تڵووعی ئەفغانستان لە زاری وتەبێژێكی وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبانەوە ڕایگەیاندبوو كە "لە دەوروبەری كاتژمێر شەشی بەیانیدا، مووشەكێك ئاراستەی ماڵێك لە ناوچەی شیرپووری كابووڵ كراوە". دانیشتووانی كابووڵ بە كەناڵەكەیان وتووە كە دەنگی دوو تەقینەوەیان بستووە.

زەبیحوڵڵا موجاهید ئەو هێرشەی ئەمریكای بە "ُپێشێلكردنی ئاشكرای یاسا نێودەوڵەتییەكان و ڕێككەوتننامەی دەوحە"ی نێوان ئەمریكا و تاڵیبان ناو بردووە، ئیتر "بە هەر هۆكارێك ئەنجام درابێت".

بەڵام هەفتەیەك لەمەوبەر، جۆن كێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، ڕایگەیاند كە هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی لە ئەفغانستان دەسەڵاتی تەواویان هەیە و لەوباریەوە پێویستیان بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ تاڵیبان نییە.

ئەیمەن محەمەد ڕەبیع زەواهیری، ساڵی 1951 لە گەڕەكی مەعادی لە شاری قاهیرەی میسر لەدایك بووە. لە دوای تەواوكردنی كۆلێژی پزیشكی لە زانكۆی عەین شەمس لە ساڵی 1974، وەكو پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی كاری كردووە.

زەواهیری لە ساڵی 1973 پەیوەندیی بە ڕێكخراوی جیهادی ئیسلامیی میسرەوە كردووە و دووەم و كۆتا ئەمیری ڕێكخراوەكە بووە. ساڵی 1981 لەناو ئەو كەسانەدا بووە كە بە تۆمەتی كوشتنی ئەنوەر سادات، سەرۆكی ئەوكاتی میسر، دەستگیر كرابوون، هەرچەندە تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ نەبووەتەوە، بەڵام بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەك بە شێوەیەكی نایاسایی، سزای سێ‌ ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندراوە و پاش ئازادبوونی ڕووی لە سعودیە كردووە.

ئەیمەن زەواهیرى دواتر ڕووى لە پاکستان کردووە، دواجاریش ڕووى لە ئەفغانستان کرد و لەگەڵ ئوسامە بن لادن مایەوە بۆ درێژەدان بە ڕووبەڕووبوونەوەى ئەمریکا.