دەستەی دەسپاکی: لە پێنج ساڵدا ٧٢ پلە باڵا لەسەر گەندەڵیی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە کە شەشیان وەزیرن

02-08-2022 01:03
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

دەستەی دەسپاکی هەرێم ڕایگەیاند، لە ٥ ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٧ تا ٢٠٢٢) ٧٢ کەسی پلە باڵا وەک تۆمەتبار لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی نەزاهە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئەو ٧٢ کەسە، ٦ وەزیر، یەک سەرۆکی دەستە، ٦ بریکاری وەزیر، ٥ ڕاوێژکار، یەک پەرلەمانتار، ٣٤ بەڕێوەبەری گشتی، ٤ سەرۆکی فەرمانگەکان، یەک پارێزگار، ٥ قائیمقام و ٨ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بوون".

سەرۆکی دەستەکە وتیشی، ئێستاش چەند دۆسیەیەکی کەسانی پلە باڵا هەن لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان و پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکیان بەم نزیکانە ڕەوانەی دادگا بکرێن.

ئەحمەد ئەنوەر ئەوەشی خستەڕوو، پێنج ساڵە داوای دامەزراندنی دادگای تایبەت بە کەیسەکانی گەندەڵی دەکەن تا دۆسیەکانی گەندەڵی زوو یەکلا بکرێنەوە، نمونەی کەیسێکی هێنایەوە کە دوای حەوت ساڵ لە دادگای سلێمانی گەڕێندراوەتەوە بۆ قۆناغی لێکۆڵینەوە.

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی سەرۆکی دەستەی دەسپاکی