پارێزەرانی سزادراوانی بادینان: بەهۆی مانگرتنەوە سزادراوان نزیکی مەرگ دەبنەوەو بە هانایانەوە بچن

02-08-2022 05:50
کۆڤان و نێچیرڤان و ئەمجەد سێ لە سزادراوانی شیلادزێ کە پارێزەرەکانیان دەڵێن بەهۆی مانگرتنەوە تەندروستییان تێکچووە.

پەرەگراف

 

تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان داوای بەهاناوەچوونی بەپەلەی سزادراوان دەکات کە بەهۆی مانگرتنەوە لە زیندان "نزیکی مەرگدەبنەوە".

پارێزەران لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێن، باری تەندروستی سزادراوانی مانگرتوو لە چاکسازی هەولێر بە گشتی و شیلادزێ بەتایبەت، "بەرەوخراپی و ترسناکی دەچێت".

"هەروەها ئەمڕۆ ١٣ کەسی تر لە ئاسایشی گشتی هەولێر لە نێویاندا هەریەک لە سەدرەدین سلێمان و شەوکەت شەرەفانی و ئەکرم ئامێدی مانیان گرتوە بەهۆی ئەوەی کە سێ ساڵ و سێ مانگە ڕاگیراون و دادگایی ناکرێن" پارێزەران وادەڵێن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پارێزەران

بۆ رای گشتی ..

بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان..

بۆ یۆنامی ..

بۆ کونسوڵگەری و نێردە دیپلۆماتییەکان..

باری تەندروستی سزادراوانی مانگرتوی چاکسازی هەولێر بە گشتی و شیلادزێ بەتایبەت بەرەو خراپی و ترسناکی دەچێت لە نێوانیان دا نێچیرڤان بدیع جگە لە خوێن بەربوون هەردوو چاوەکانی کەم بینا بوە و ژانێکی زۆریشی لە هەردو گورچیلەکانیشی هەیە و هەروەها کۆڤان تاريق ئەمڕۆ توشی نەخۆشی پێست بوە باری تەندروستی تێکچوە و ئەمجەد یوسفیش ڤایرۆسی جگەر و بەهۆی مانگرتنەوە باری تەندروستی تێکچوە و هەروەها ژمارەیەکی تریش لە مانگرتوان کە بە هەمان ماددەی سزادراوانی بادینان لە چاکسازین و باری تەندروستیان ناجێگیرە.. داوا دەکەین بەهانایانەوە بچن و خەریکە نزیکی مەرگ دەبنەوە..

هەروەها ئەمڕۆ ١٣ کەسی تر لە ئاسایشی گشتی هەولێر لە نێویاندا هەریەک لە سەدرەدین سلێمان و شەوکەت شەرەفانی و ئەکرم ئامێدی مانیان گرتوە بەهۆی ئەوەی کە سێ ساڵ و سێ مانگە ڕاگیراون و دادگایی ناکرێن.

تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی سزادراوانی بادینان

     ٢/٨/٢٠٢٢