عێراق دەستی بە سزادانی كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم كرد

02-08-2022 10:19

پەرەگراف

عێراق دەست دەكات بە سزادانی ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی بەهۆی بەردەوامیی كاركردن لە هەرێمی كوردستان خراونەتە لیستی ڕەشەوە. وێزەفۆرد و سێ‌ كۆمپانیای دیكە لەلایەن كۆمپانیای نەوتی بەسرەوە سزا دران.

كۆمپانیای نەوتی بەسرە كە سەر بە حكومەتی عێراقە، لە یاداشتێكدا كە ئاڕاستەی كۆمپانیا گەورەكانی نەوتی كردووە، فەرمانی پێ كردوون مامەڵە لەگەڵ چوار كۆمپانیای بیانیی خزمەتگوزاریی نەوت ڕابگرن و بانگهێشتیان نەكەن بۆ هیچ كارێك لە كێڵگە نەوتییەكانی كۆمپانیای نەوتی بەسرە.

پێشتر عێراق كۆمپانیاكانی ئاگادار كردەوە، بە پشتبەستن بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە یاسا و كاركردن لە كەرتی نەوتی هەرێمی بە نایاسایی لەقەڵەم دا، هەر كۆمپانیایەكی بیانی لە كاركردن نەوتی هەرێمدا بەردەوام بێت، دەخرێتە لیستی ڕەشەوە.

ئەو چوار كۆمپانیا بیانییەی خزمەتگوزاریی نەوت، گوێیان بەو هۆشدارییەی عێراق نەداوە، هەر بۆیە لەلایەن كۆمپانیای نەوتی بەسرەوە سزا دراون، بەپێى ماڵپەڕى (iraq oil report) کە هەواڵەکەى بڵاو کردووەتەوە.

چەند مانگێكە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ بەڕێوەردنی كێڵگە نەوتییەكانیھەرێمی كوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ حكومەتی ھەرێم، لەو چوارچێوەیەدا كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی تایبەت بە بازاڕكردنی نەوت، هۆشداریی دایە كۆمپانیا نەوتییەكان.

كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، پێویستە كۆمپانیا نەوتییەكان "بەبێ ڕەزامەندیی حكومەتی ناوەندی هیچ هەنگاوێك نەنێن‌ و مامەڵە بە نەوتی ھەرێمەوە نەكەن و پابەند بن بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە".

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، چەند كۆمپانیایەكی بواری خزمەتگوزاری لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كارەكانیان ڕاگرتووە، بەڵام حكومەتی هەرێم ئەوەی ڕەت كردووەتەوە.

هەرچەندە بەڵگەی وازهێنانی چەند كۆمپانیایەكی بواری نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بڵاو بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ كۆمپانیایەكی گەورەی بواری بەرهەمهێنانی نەوت نەكشاوەتەوە.

كۆمپانیای سۆمۆ تەئكیدی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كردووەتەوە و دەڵێت "سەرجەم گرێبەستە نەوتییەكان كە لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجام دراون بۆ دەرهێنان‌ و فرۆشتنی نەوت، نادەستوورین. ڕێز لە بڕیاری دادگا دەگرین‌ و پێویستە كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت هەستن بە ڕادەستكردنی نەوت بە حكومەتی ناوەندی، چونكە دەسەڵاتی دەرهێنانی نەوت ‌و هاوشێوەكانی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی ناوەندی".

بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی لە 15ی شوباتی 2022 دەرچوو، یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 20047 بە نادەستووری دادەنێت و هەڵی دەوەشێنێتەوە، لە كاتێكدا تەواوی سیاسەتی نەوتی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو یاسایە داڕێژراوە، كە پشت بە چەند ماددەیەكی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەبەستێت.

بەشێكی دیكەی بڕیارەكە تایبەتە بە رادەستكردنی هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو بە حكومەتی فیدراڵی، پێدانی دەسەڵات بە بەغدا بۆ پێداچوونەوە و چاودێریی پووچەڵكردنەوەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنی نەوت، هەروەها دیاریكردنی بوودجەی هەرێم كە گرەنتیی گەیشتنی بكات لە بەغداوە.

دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارەی پاڵپشت بە چەند ماددەیەكی دەستوور دەركردووە، ئەوەش لەسەر دوو سكاڵا؛ یەكێكیان وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق لە 2012 كردویەتی و ئەوی تر ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە لە ساڵی 2019دا.

حكومەتی ھەرێم بڕیارەكەی دادگای ڕەت كردەوە و بە "نادەستووری سیاسی و زوڵم لە ھەرێمی كوردستان" ناوی برد و تا ئێستا ئامادە نییە جێبەجێی بكات.