ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لەسەر دەستی داعش؛ ھێشتا نزیکەی سێ هەزار ئێزدیی چارەنووسیان نادیارە

03-08-2022 04:43
ئاوارەبوونی ئێزدییەکان بەهۆی پەلاماری تیرۆریستانی داعش لە ٢٠١٤

پەرەگراف

ئەمڕۆ هەشت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هێرش و پەلاماری ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر شەنگال و ناوچە ئێزدیی نشینەکان، داعش ئێزدییەکانی کۆمەڵکوژ کردو زیاتر لە شەش هەزار كەسی لێ ڕفاندن کە نیوە زیاتریان ژنان و کچان بوون.

بەپێی دواین ئامارەکان کە ئەمڕۆ ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم خستیەڕوو، تا مانگی تەمموزی ئەمساڵ، ٣٥٥٤ ڕفێندراوی ئێزدیی ڕزگارکراون، لەو ژمارەیەش ١٢٠٧ کەسیان ژنن، ٣٣٩ کەسیان پیاون، ١٠٥١ کەسیان منداڵی مێینە و ٩٥٧ کەسیان منداڵی نێرن.

دیندار زێباری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتیشی، تا ئێستا دوو هەزار و ٧١٧ کەسی ئێزدیی بێسەروشوێنن و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەو گەڕاندنەوەیان بەردەوام دەبێت.

دیندار زێباری، دواین هەوڵەکانی حکومەتی خستەڕوو، بۆ بەرپرسیارکردنی تیرۆرستانی داعش بە ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی، وتی "بە مەبەستی ناساندنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، حکومەتی هەرێم دۆسیەی هەزاران ڕفێندراوی ئێزیدی بەدۆکیۆمێنت کردووە. ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکانی رفێندراوانی ئێزدی لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ دەستیپێکردووە و لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٢ کۆتایی پێهاتووە. بە درێژایی ئەم ماوەیە، ٣٥٤٣ کەیس (٥٣٩٣ لاپەڕە) ئەرشیف کراوە. جگە لەوەش پشتیوانی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە زیاتر لە دوو هەزار و ٢٣٤ قوربانی کراوە".

"بۆ بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی داعش، حکومەتی هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کردووە و لە ڕێگەی -دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان و چارەسەرکردنیان- سەرکەوتوو بووە لە ئەرشیفکردنی ئەلیکترۆنیانەی زیاتر لە ٧٣ هەزار و ٩١٢ لاپەڕە بەڵگە بۆ ئەو تاوانانە. جگە لەوەش ٤ هەزار و ٢٠٦ دۆسیە وەک سکاڵا پێشکەش بە دادگاکان دەکرێت. لە نێویاندا لە ئێستادا هەزار و ٧٧٨ کەیس یەکلایی کراونەتەوە و دوو هەزار و ٤٢٨ کەیسیش لە پڕۆسەی  ئامادەکردندان" زێباری وای وت.