سەدر داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات

03-08-2022 08:28

پەرەگراف

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات. ڕوو لە چوارچێوەی هەماهەنگییش دەڵێت "پێشتر گفتوگۆمان لەگەڵ تاقی كردوونەتەوە، بێسوود بووە". سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى کاردانەوەیان نیشان دا و هاوپەیمانیى سیادەى سوننەکانیش پشتیوانی لە بۆچوونەكەی سەدر دەكات.

لە وتارێكی چەند خولەكەیدا كە كاتژمێر 8ی ئەمشەو پێشكەشی كرد، موقتەدا سەدر وتی "ململانێی عێراق ململانێی چاكسازییە، نەك ململانێی شەخسی".

سەدر داوای بەردەوامیی مانگرنتن و ناڕەزایەتییەكانی كرد و وتیشی "ڕازی نیم بە خوێنڕژان، بەڵام گۆڕانكاری بە قوربانیدان دەكرێت و بە تەواوی ئامادەی شەهیدیم لەپێناو چاكسازیدا".

ڕاستەوخۆ لە دوای وتارەكەی سەدر، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننەكان كاردانەوەیان نیشان دا، عەبادی و هاوپەیمانیی سیادەی سوننەكان پشتیوانییان بۆ ڕاگەیاند، بەڵام نووری مالیكی پەیامێكی جیاوازی هەیە.

نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە تویتێكدا وتی "گفتوگۆی جیددی بۆ یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكان، پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ دەستوور و ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەكان هەیە".

هەروەها حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر كە بەشێكە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، پێشوازیی لە وتارەكەی موقتەدا سەدر كرد و وتی "لە چەند لایەنێكەوە لەگەڵ دەستپێشخەرییەكەی ئێمە یەك دەگرێتەوە".

"وتارەكەی برام، بەڕێز سەدر، لە چەند لایەنێكەوە دەستپێشخەرییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە. پشتیوانیی هەنگاوەكانی ئەو و هەموو براكان دەكەم بۆ ڕێگری لە خوێنڕشتن و بەدیهێنانی چاكسازی"، عەبادی وا دەڵێت.

هاوكات خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانیی سیادە كە زۆرینەی سوننەن، پشتیوانی بۆ داواكارییەكەی موقتەدا سەدر ڕاگەیاند بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە "بەپێی ڕێكاری نوێ و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن".