شاسوار عەبدولواحید دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت: شەممە ڕۆژی گوێبایانی دەسەڵاتە

04-08-2022 11:00

پەرەگراف 

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ھەواڵی دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان لە سلێمانی ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت: شەممە ڕۆژی ڕاچڵەکاندن و گوێبایانی دەسەڵاتە.

"رۆژی شەممە رۆژی ماف وەرگرتنەوەی خۆت و راچەڵەکاندنی دەسەڵاتە، ئەوەی بە ئازادی لە دایک بووە، ئەوا داوای مافی خۆی دەکات، ئەوەشی بە ئاشکرا یان بە نهێنی سەر بە دەسەڵاتە، ئەوا دژی ئەم داواکردنەی ماف و راچڵەکاندنەی دەسەڵاتە و ئەمرۆ ماسکەکان هەموی دەکەونە خوارەوە" سەرۆکی نەوەی نوێ وادەڵێت.

شاسوار عەبدولواحید دەشڵێت "‏‎جاران دەمان وت دەستگیر کراوین، نەیارەکانمان دەیانوت درۆ دەکەن لە  ئوتێلێکی خۆش بون، ئێستا دەڵێین دەستگیر نەکراوین، دەڵێن وەڵا دەستگیر کراون".

ئەوە لەکاتێکدایە هەواڵی دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی باڵاو چالاکوانی نەوەی نوێ لە سلێمانی، لە چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندن بڵاوبووەوە کە سەرجەمیان زانیارییەکانیان وەک یەک بوون، پاشان سەنتەری میترۆش لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

پەرەگراف ئەمڕۆ چەند جارێک پەیوەندیی بە بەرپرسانی ئەمنیی سلێمانی و بەرپرسانی نەوەی نوێ کرد لەبارەی هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو ئەندامانەی نەوەی نوێ، بەڵام هیچیان وەڵامیان نەدایەوە.

"وەڵاهی هەرچی بکەن خەڵک سارد ناکەنەوە و خەڵک ناترسێنن، وە رۆژی شەممە رۆژی راچەڵەکاندن و گوێبایانی دەسەڵاتە و هەموان لەسەر شەقامن" شاسوار عەبدولواحید وادەڵێت.

سەرۆکی نەوەی نوێ دەشڵێت "داواکارم لە دڵسۆزان و مرۆڤە مەرد و ئازاکان کە ڕێنەدەن دەسەڵات و میدیا و رێکخراوەکانی سەر بە دەسەڵات بتانترسێنن و ترس بڵاوبکەنەوە، هەمومان شەممە لە مەیدانەکانی ئازادین".

بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو ئەندام و چالاکوانانەی نەوەی نوێ لە کاتێکدایە، جوڵانەوەکە بانگەوازی خۆپیشاندانی سەرتاسەریی کردوە لە دژی دەسەڵات و بڕیارە ڕۆژی شەممە خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت.

هەرلەسەر ئەو پرسە، سەنتەری میترۆ ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی "بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لە خێزان و هاڕێیانی چەند چالاكوانێكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێمان گەیشتووە، ئەمڕۆ پێنج شەممە، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەك چالاكوان و ئەندامی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دەستگیریان کردوون بەبێ ئەوەی بڕیاری دادگا بخەنە روو.".

میترۆ داوای کرد، دەستبەجێ چالاکوانە دەستگیرکراوەکانی نەوەی نوێ ئازاد بکرێن و دەڵێت "ئەو هێزانە دەستیان گرتوە بەسەر مۆبایلی ئەندامانی خێزانەکانیان، لە ناویاندا ئایپادی منداڵیشیان بردوە".