هەموان بە حیزب و خۆپیشاندەرانەوە پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، تەنیا كورد هەڵوێستی ڕوون نییە

05-08-2022 05:25

پەرەگراف

لایەنگرانی سەدر بۆ دووەم هەینیی لەسەر یەك، نوێژی یەكگرتوویی ملیۆنییان لە بەغداد ئەنجام دا و دوای نوێژ، بینای پەرلەمانی عێراقیان بە تەواوی داخست. هەموان بە خۆپیشاندەران و حیزبەكانیشەوە پاڵپشتی لە داواكارییەكەی سەدر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، تەنیا كورد لەم نێوەندەدا هەڵوێستی ڕوون نییە.

نوێژی هەینیی ئەم جارە لە گۆڕەپانی بۆنەكانی ناوچەی سەوزی بەغداد بەڕێوە چوو. تێیدا لایەنگرانی سەدر پاڵپشتییان بۆ داواكارییەكانی ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە "هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە" ڕاگەیاند.

موهەنەد موسەوی، نوێنەری سەدر لە وتاری نوێژی هەینیی یەكگرتووی ملیۆنیدا وتی "ئەو حیزبانەی كە شوێنكەوتووی دەرەوەن، عێراقیان خستە چاڵی گەندەڵی و هەژاری، گەیشتووینەتە ئەنجامی شەمەزاركەر، دۆخەكە گەیشتووەتە ئەوەی متمانە لە نێوان گەل و چینی سیاسی نەمێنێت".

موسەوی پشتگیریی بۆ داواكارییەكانی موقتەدا سەدر ڕاگەیاند و وتی "هاوهەڵوێستین لەگەڵ سەید سەدر لەبارەی داواكەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە".

هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە مەرجەعیەت دەرگای بە ڕووی "پارتە خۆسەپێنەكان"دا داخستووە و جەختیشی كردەوە كە "ئەوەی شكستی هێناوە، جارێكی دیكە ناگەڕێتەوە دەسەڵات".

هەر لە دوای وتاری هەینی و پاش ئەوەی ئەو ٧٢ كاتژمێرەی كە موحەممەد ساڵح عێراقی، ناسراو بە وەزیری سەدر، بۆ چۆڵكردنی بینای پەرلەمان دیاریی كردبوو، كۆتایی هات، لایەنگرانی سەدر بیناكەیان چۆڵ كرد و بە تەواوی دەرگاكانیان داخست، بەڵام لەژێر ڕێنماییەكانی سەدردا لە دەرەوەی پەرلەمان بەردەوامن لە خۆپیشاندان.

بەر لە نوێژی هەینیی یەكگرتوویش، جینین پلاسخارت، نێردەی سكردتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق، لە نەجەف لەگەڵ موقتەدا سەدر كۆبووەوە.

دوای كۆبوونەوەكە، پلاسخارت وتی "كۆبوونەوەكی زۆر باشمان لەگەڵ سەید موقتەدا سەدر ئەنجام دا و گفتوگۆمان لەبارەی گرنگیی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك بۆ قەیرانی سیاسی كرد".

هەر ئەمڕۆیش موحەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، پاڵپشتیی بۆ داواكارییەكەی سەدر ڕاگەیاند بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

حەلبووسی لە تویتێكدا وتی "پەرلەمان نوێنەری گەلە و ئەو جەماوەرەی كە كۆبوونەتەوە بەشێكن لێی، بە هیچ شێوەیەك نابێت ئیرادەی پشتگوێ بخرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە كە سەید موقتەدا سەدر داوای كرد".

تا دێت پشتگیری لە پەیامەكەی سەدر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە فراوانبووندایە، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی مەرجی بۆ هەڵبژاردنەكە هەیە.

شەوی ڕابردوو چوارچێوەكە دوای کۆبوونەوەی ڕایگەیاند "پشتگیری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەین، بە مەرجێك كۆدەنگیی نیشتمانیی لەسەر بێت".

"پشتگیری لە هەر هەوڵێكی دەستووری دەكەین بۆ چارەسەری قەیرانە سیاسییەكان، بەڵام پێویستە بەر لە هەموو شتێك، ڕێز لە دامەزراوە دەستوورییەكان بگیرێت و پەك نەخرێن"، چوارچێوەی هەماهەنگی وا دەڵێت.

هەروەها پێشتر خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانیی سیادە كە زۆرینەی سوننەن، پشتیوانیی بۆ داواكارییەكەی موقتەدا سەدر ڕاگەیاند بە مەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، "بەپێی ڕێكاری نوێ و یاسایەك كە دادپەروەری و كێبڕكێی هەقیقی دەستەبەر بكات".

لەم نێوەندەدا پارتی و یەكێتی و حیزبەكانی دیكەی هەرێمیش هیچ هەڵوێستێكیان لەبارەی داواكارییەكەی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەرنەبڕیوە.

دوایین بۆچوونی كورد سەبارەت بە پێشاهاتەكانی عێراق، لە كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانیدا بووە كە بارەگای بارزانی دەڵێت "بڕیار درا كار بكرێت بۆ یەكھەڵوێستیی ھێزە سیاسییە كوردستانییەكان لە بەرامبەر ئەو ئاڵەنگارییانەی كە ڕووبەڕووی عێراق و ھەرێمی كوردستان بوونەتەوە، كۆبوونەوەكان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامییان پێ بدرێت".

شەوی 3-8-2022، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە وتارێكی چەند خولەكەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كرد. ڕوو لە چوارچێوەی هەماهەنگییش وتی "پێشتر گفتوگۆمان لەگەڵ تاقی كردوونەتەوە، بێسوود بووە".

موقتەدا سەدر وتی "ململانێی عێراق ململانێی چاكسازییە، نەك ململانێی شەخسی".

سەدر داوای بەردەوامیی مانگرتن و ناڕەزایەتییەكانی كرد و وتیشی "ڕازی نیم بە خوێنڕژان، بەڵام گۆڕانكاری بە قوربانیدان دەكرێت و بە تەواوی ئامادەی شەهیدیم لەپێناو چاكسازیدا".