هەڵمەتی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان بەڕێوەدەچێت

06-08-2022 04:38
ئەم پێنج ڕۆژنامەنووسە ئەمڕۆ لە هەولێرو دهۆک دەستگیرکراون

پەرەگراف

ڕۆژنامەنووسانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە هەولێرو دهۆک دەستگیرکران و هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی نووسینگەی ئەو کەناڵەیانداوە لە هەولێرو لە دهۆکیش نووسینگەکەیان داخرا.

کەناڵی ئێن ئاڕ تی بڵاویکردەوە، هەردوو پەیامنێری کەناڵەکە ڕزگار کۆچەرو ئومێد چۆمانی و هێرش قادر لە هەولێر و سەباح سۆفی لە چۆمان لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکران.

ڕۆژنامەنووسێکی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر بە پەرەگرافی وت "هێزە ئەمنییەکان گەمارۆی نووسینگەکەیان داوین و ڕێگەی چوونەدەرەوەو ڕووماڵی میدیایی نادەن".

هاوکات ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، هێزێکی ئەمنیی هەریەک لە تائیف گۆران و بڕیار نێروەیی پەیامنێرانی ئێن ئاڕ تییان لەبەردەم نوسینگەی کەناڵەکە لە شاری دهۆک دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر کەلوپەلەکانیاندا گرتوەو نووسینگەی کەناڵەکەیان داخستووە.

هەر ئەمڕۆ لە هەولێر ئامانج وەرتی پەیامنێری کەناڵی کەی ئێن ئێن لەلایەن هێزێکی "ئەمنییەوە ڕفێندرا"، بە وتەی کەناڵەکە.

دوو ڕۆژ لەمەوبەریش هەریەكە لە كارزان تاریق پەیامنێر و چێنەر ئەحمەد وێنەگری کەناڵی ئێن ئاڕتی لە سلێمانی لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر کران و دوای 10 کاتژمێر دەستبەسەربوونیان ئازاد کران.

ئەو هەڵمەتانە لەکاتێکدان ئەمڕۆ وادەی ئەو خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەیە کە نەوەی نوێ بانگەوزای ئەنجامدانی کردووە.

پەیامنێرانی پەرەگراف لە هەولێرو سلێمانی دەڵێن، هێزێکی ئەمنیی زۆر بە جلوبەرگی مەدەنی و سەربازییەوە لە ناوبازاڕی سەرەکیی هەردوو شارەکە بڵاوەیان پێکراوە.