نەوەی نوێ: زیاد لە ٣٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکدار چواردەوری ئۆفیسی شاسوار عەبدولواحیدیان داوە

06-08-2022 05:31

پەرەگراف

نەوەی نوێ دەستگیرکردنی چەندین پەرلەمانتارو سەرکردایەتیی جوڵانەوەکەی ڕاگەیاند و دەڵێت: زیاد لە ٣٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکدار چواردەوری ئۆفیسی سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێیان داوە.

نەوەی نوێ لە ئاگادارییەکدا بۆ رای گشتی و میدیاکان کە وێنەیەکی بۆ پەرەگراف نێردراوە، دەڵێت "چەندین پەرلەمانتار و سەرکردایەتی نەوەی نوێ دەستگیر کراون. زیاد لە ٣٠ ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکدار چواردەوری ئۆفیسی سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێیان داوە".

"نەوەی نوێ پاراستنی گیانی سەرۆک و سەرکردایەتی و پەرپەمانتارانی جوڵانەوەکە دەخاتە ئوستۆی دەسەڵات و تەواوی قونسوڵیەت و بالوێزی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادار کراونەتەوە" جوڵانەوەکە وادەڵێت.

ئەوە لەکاتێکدایە کاتژمێر پێنجی ئەمڕۆ لەسەر داوای نەوەی نوێ لە چەندین شارو شارۆچکە خۆپیشاندان لە دژی دەسەڵات دەستی پێکرد.

هەردی عوسمان پەیامنێری پەرەگراف لە سلێمانی، دەڵێت: خۆپیشاندان لە بەردەرکی سەرا دەستی پێکرد، هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوە بە خۆپیشاندەران دەکەن و پشێویی دروست بووەو ڕێگە بە ڕووماڵی میدیایی نادرێت.

ڤیدیۆی خۆپیشاندانی ئەمرۆ لە بەردەرکی سەرای سلێمانی