فراکسیۆنی نەوەی نوێ: زیاتر لە ٦٠٠ دەستگیر کراو تائێستا ئازاد نەکراون

07-08-2022 01:19

پەرەگراف

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: زیاتر لە ٦٠٠ هاوڵاتی لە گەنج وخۆپیشاندەروسەرکردەو خۆبەخشی نەوەی نوێ لەلایەن هێزە ئەمنیەکان بە نایاسایی دەستگیر کراون وتا ئێستا ئازاد نەکراون.

دوێنێ لەسەر داوای نەوەی نوێ خۆپیشاندان لە چەند شارو شارۆچکەیەک ئەنجام دراو هێزە ئەمنییەکان بە توندوتیژی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەوە، لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک ڕێوشوێنی زۆر تووندی ئەمنیی گیرابووەبەر بۆ ڕێگریی لە خۆپیشاندان.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوان دەکات و دەشڵێت "بەدەیان ڕۆژنامەنوس ڕووبەڕووی توندوتیژی و لێدان و ڕفاندن بونەوەو چەندین پەرلەمانتاری نەوەی نوێش بەهەمان شێوە دەستگیر کران و سوکایەتیان پێکرا".

"بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بەشێک لە حزب ونوخبەو پەرلەمانتارو چالاکوانی سیاسی و مەدەنی تا ئێستا بێ دەنگ و بێ هەڵوێستن بەرامبەر بەو ڕەشبگیری و ڕەفتارە نامەدەنیانەی پارتی و یەکێتی و بەیەک وشەش بەرگرییان لە ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و ئەو چالاکیە مەدەنیە نەکردوەو بەپێچەوانەوە هەندێکیان هاوشێوەی کادیرانی پارتی ویەکێتی دژی ئەو جوڵە مەدەنیە فراوانەی دوێنێ قسە دەکەن!" فراکسیۆنەکە وادەڵێت.

نەوەی نوێ ئەوەش دەخاتەڕوو، فراکسیۆنەکانیان لە بەغداو هەرێم لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئازادکردنی سەرجەم خۆپیشاندەران، "هەروەها باڵیۆزخانەی وڵاتان لە بەغداو کونسوڵخانەکان لە هەرێم و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانمان لەو ڕەفتارە نامەدەنی و ڕەشبگیریەی دەسەڵات ئاگادار کردۆتەوەو هەموو هەوڵێکیش دەدەین بۆ ئازادکردنی خۆپیشاندەران".