وەزیری نەوتی عێراق: لەگەڵ هەرێم لە پەیوەندیداین بۆ چارەسەری كێشەكان بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی

07-08-2022 04:20

پەرەگراف

وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت "لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا لە پەیوەندیی بەردەوامداین بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێكی یاسایی بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكان لە چوارچێوەی دەستوور و بەپێی بڕیارەكەی دادگای فدیراڵی". میدیاكانیش تۆمەتبار دەكات بەوەی لە دۆسیەی نەوتی هەرێمدا وەرگرانیان بە لاڕێدا دەبەن.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، دەڵێت "گەورەكردنی پرسی نەوتی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەزگا میدیاییە جیاوازەكانەوە بەو ئاڕاستەیەی كە پرسێكی ململانێی دەرەكی بێت، مەترسی و ناڕوونیی گەورە دروست دەكات كە ئامانج لێی سەرلێشێواندنە".

وەزیری نەوتی عێراق بۆ ڕۆژنامەی سەباح، جەختی لە ناوەرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كردووەتەوە كە دەبێت هەرێم تەواوی بەرهەمی نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەی دیكە كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نەوتی لێ دەردەهێنێت، ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بكات كە نوێنەرایەتی حكوومەتی فیدراڵی دەكات.

هەروەها جەختی لەوە كردووەتەوە كە بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی وڵات، سەرپەرشتیی پرۆسەی گەڕان و دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستان بكات.

ئیحسان عەبدولجەبار، كێشەی نەوتی نێوان هەرێم و بەغدا بە كێشەیەكی سروشتی و ئاسایی نێوان هەر حكومەتێكی فیدراڵ و هەرێمەكانی ناو دەبات و دەڵێت "حكومەتی فیدراڵی مامەڵەیەكی یاسایی لە نێوان هەردوو لا (وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان) دەكات".

چەند مانگێكە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ بەڕێوەردنی كێڵگە نەوتییەكانیھەرێمی كوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ حكومەتی ھەرێم، لەو چوارچێوەیەدا كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی تایبەت بە بازاڕكردنی نەوت، هۆشداریی دایە كۆمپانیا نەوتییەكان.

كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، پێویستە كۆمپانیا نەوتییەكان "بەبێ ڕەزامەندیی حكومەتی ناوەندی هیچ هەنگاوێك نەنێن‌ و مامەڵە بە نەوتی ھەرێمەوە نەكەن و پابەند بن بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە".

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، چەند كۆمپانیایەكی بواری خزمەتگوزاری لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم كارەكانیان ڕاگرتووە، بەڵام حكومەتی هەرێم ئەوەی ڕەت كردووەتەوە.

هەرچەندە بەڵگەی وازهێنانی چەند كۆمپانیایەكی بواری نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بڵاو بووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ كۆمپانیایەكی گەورەی بواری بەرهەمهێنانی نەوت نەكشاوەتەوە.

كۆمپانیای سۆمۆ تەئكیدی لە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كردووەتەوە و دەڵێت "سەرجەم گرێبەستە نەوتییەكان كە لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجام دراون بۆ دەرهێنان‌ و فرۆشتنی نەوت، نادەستوورین. ڕێز لە بڕیاری دادگا دەگرین‌ و پێویستە كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت هەستن بە ڕادەستكردنی نەوت بە حكومەتی ناوەندی، چونكە دەسەڵاتی دەرهێنانی نەوت ‌و هاوشێوەكانی دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی ناوەندی".

بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی لە 15ی شوباتی 2022 دەرچوو، یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 20047 بە نادەستووری دادەنێت و هەڵی دەوەشێنێتەوە، لە كاتێكدا تەواوی سیاسەتی نەوتی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو یاسایە داڕێژراوە، كە پشت بە چەند ماددەیەكی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەبەستێت.

بەشێكی دیكەی بڕیارەكە تایبەتە بە رادەستكردنی هەموو نەوتی بەرهەمهێنراو بە حكومەتی فیدراڵی، پێدانی دەسەڵات بە بەغدا بۆ پێداچوونەوە و چاودێریی پووچەڵكردنەوەی گرێبەستەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیاكان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنان و هەناردە و فرۆشتنی نەوت، هەروەها دیاریكردنی بوودجەی هەرێم كە گرەنتیی گەیشتنی بكات لە بەغداوە.

دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارەی پاڵپشت بە چەند ماددەیەكی دەستوور دەركردووە، ئەوەش لەسەر دوو سكاڵا؛ یەكێكیان وەزیری پێشووتری نەوتی عێراق لە 2012 كردویەتی و ئەوی تر ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە لە ساڵی 2019دا.

حكومەتی ھەرێم بڕیارەكەی دادگای ڕەت كردەوە و بە "نادەستووری سیاسی و زوڵم لە ھەرێمی كوردستان" ناوی برد و تا ئێستا ئامادە نییە جێبەجێی بكات.