هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی دەستیان بەسەر كەلوپەلی ڕۆژنامەوانیی ڕۆژنامەنووسدا گرتووە و نایاندەنەوە

08-08-2022 01:21

پەرەگراف

هێزە ئەمنییەكان لە سلێمانی دەستیان بەسەر كەلوپەلی ڕۆژنامەوانیی چەندین ڕۆژنامەنووسدا گرتووە و نایاندەنەوە، لەناویاندا پێداویستییە ڕۆژنامەوانییەكانی پەیامنێری پەرەگراف.

لە خۆپیشاندانەكەی ڕۆژی شەممە ٦-٨-٢٠٢٢دا سەرباری دەستگیركردنی سەدان چالاكوان و خۆپیشاندەر، هێزە ئەمنییەكان پێشێلكارییان بەرامبەر دەیان ڕۆژنامەنووس ئەنجام دا و هەردى عوسمان، پەیامنێری پەرەگراف، بۆ ماوەی چوار كاتژمێر دەستبەسەر كرا، دەستیش بەسەر كەلوپەلەكانیدا گیرا.

پەیامنێری پەرەگراف ڕۆژی یەكشەممە سەردانی ئاسایشی كرد بە مەبەستی وەرگرتنەوەی كەلوپەلە ڕۆژنامەوانییەكانی، بەڵام پێیان نەدایەوە بە پاساوی ئەوەی ئیجرائاتی خۆیان دەكەن.

بەپێی ئامارێكی سەنتەری میترۆ، ٧٠ حاڵەتی پێشێلكاریی بەرامبەر ٥٢ ڕۆژنامەنووس تۆمار كراون كە پێكهاتووە لە ٢١ دەستگیركردن، چوار هەڵكوتانە سەر ماڵ، ١٦ ڕێگری، پێنج برینداربوون بە گازی فرمێسكڕێژ، ٢٣ حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی و یەك حاڵەتی داخستن.

* لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان چی ڕووی دا؟