پارێزەرەكەیان: ڕەوشی تەندروستیی دەستگیركراوانی شیلادزێ لە مەترسیی گەورەدایە

08-08-2022 01:34

پەرەگراف

پارێزەرێكی دەستگیركراوانی شیلادزێ‌ هۆشداری لەبارەی ڕەوشی تەندروستیی ئەو دەستگیركراوە مانگرتووانە دەدات و دەڵێت "لە مەترسیی گەورەدایە و ژیانیان بەرەو ئاراستەیەكی نادیار دەچێت".

ڕەمەزان ئەرتیسی، پارێزەری دۆسیەی دەستگیرکراوانی شیلادزێ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، دەڵێت "١٨ ڕۆژە دەستگیرکراوانی شیلادزێ لە برسێتیدا دەژین. لە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ کەسوکارەکانیان و من، ئاماژەیان بەوە کرد کە ڕەوشی تەندروستییان زۆر مەترسیدارە".

ئەو پارێزەرە دەشڵێت "لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەمەوە کە ئەگەر بەدواداچوون نەکرێت، ژیانی ئەو زیندانیکراوانە بەرەو ئاراستەیەکی نادیار دەچێت".

"بە تایبەت یوسف شەریف، کۆڤان تاریق، نێچیرڤان بەدیع و ئەمجەد یوسف لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا ئاماژەیان بە مەترسی لەسەر ژیانی خۆیان داوە"، ڕەمەزان ئەرتیسی وا دەڵێت.

ڕۆژی دووی ئەم مانگە تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان داوای بەهاناوەچوونی بەپەلەی سزادراوانیان كرد كە بەهۆی مانگرتنەوە لە زیندان "نزیكی مەرگ دەبنەوە".

پارێزەران لە ڕاگەیەندراوێكدا وتیان، باری تەندروستیی سزادراوانی مانگرتوو لە چاكسازی هەولێر بە گشتی و شیلادزێ بە تایبەت "بەرەو خراپی و ترسناكی دەچێت".

"هەروەها ئەمڕۆ ١٣ كەسی تر لە ئاسایشی گشتی هەولێر لە نێویاندا هەریەك لە سەدرەدین سلێمان و شەوكەت شەرەفانی و ئەكرم ئامێدی مانیان گرتوە بەهۆی ئەوەی كە سێ ساڵ و سێ مانگە ڕاگیراون و دادگایی ناكرێن" پارێزەران وا دەڵێن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پارێزەران

بۆ رایگشتی ..

بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان..

بۆ یۆنامی ..

بۆ كونسوڵگەری و نێردە دیپلۆماتییەكان..

باری تەندروستی سزادراوانی مانگرتوی چاكسازی هەولێر بە گشتی و شیلادزێ بەتایبەت بەرەو خراپی و ترسناكی دەچێت لە نێوانیان دا نێچیرڤان بدیع جگە لە خوێن بەربوون هەردوو چاوەكانی كەم بینا بوە و ژانێكی زۆریشی لە هەردو گورچیلەكانیشی هەیە و هەروەها كۆڤان تاریق ئەمڕۆ توشی نەخۆشی پێست بوە باری تەندروستی تێكچوە و ئەمجەد یوسفیش ڤایرۆسی جگەر و بەهۆی مانگرتنەوە باری تەندروستی تێكچوە و هەروەها ژمارەیەكی تریش لە مانگرتوان كە بە هەمان ماددەی سزادراوانی بادینان لە چاكسازین و باری تەندروستیان ناجێگیرە.. داوا دەكەین بەهانایانەوە بچن و خەریكە نزیكی مەرگ دەبنەوە..

هەروەها ئەمڕۆ ١٣ كەسی تر لە ئاسایشی گشتی هەولێر لە نێویاندا هەریەك لە سەدرەدین سلێمان و شەوكەت شەرەفانی و ئەكرم ئامێدی مانیان گرتوە بەهۆی ئەوەی كە سێ ساڵ و سێ مانگە ڕاگیراون و دادگایی ناكرێن.

تیمی پارێزەرانی خۆبەخشی سزادراوانی بادینان

٢/٨/٢٠٢٢