سێیەم كۆبوونەوە سەبارەت بە هەڵبژاردن لە سەرۆكایەتیی هەرێم بەڕێوە دەچێت

08-08-2022 02:18

پەرەگراف

ڕۆژی چوارشەممە، سێیەم كۆبوونەوەی كەسی یەكەم و نوێنەری لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەگەڵ نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت.

كۆبوونەوەكە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرپەرشتی دەكرێت و تێیدا گفتوگۆ دەربارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت.

لە ماوەی نێوان یەكەم كۆبوونە تا ئێستا، چەند كۆبوونەوەیك لە نێوان دەزگای هەڵبژاردنی لایەنەكان بە ئامادەیی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان پەیوەست بە دۆسیەی هەڵبژاردن، لە سەرۆكایەتیی هەرێم بەڕێوە چووە.

موحەممەد حەكیم، وتەبێژی كۆمەڵی دادگەری، شەوی ڕابردوو لە بەرنامەیەكی كەناڵی پەیامی حیزبەكەی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكەی پشتڕاست كردەوە و سەبارەت بە بۆچوونی حیزبەكەیشی وتی "ئێمە ناچیەنە ژێر باری درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن".

پاش ئەوەی پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕاجیایایی نێوان لایەنەكانی لێ‌ كەوتەوە، سەرۆكایەتیی هەرێم و جینین پلاسخارت، نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، هەوڵێكیان بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان دەست پێ‌ كرد كە تێیدا بگەنە بۆچوونێكی هاوبەش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

شیروان زرار، وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، پێشتر بە پەرەگرافی وت، ١ی ٤ دوا مۆڵەتە بۆ وەڵامدانەوەیان تا بتوانن هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجام بدەن كە ١ی١٠ی ئەمساڵە، هەر دواكەوتنێك لە یەكلایی كردنەوەی چارەنووسیان كاریگەریی لەسەر ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبێت.

دوای تێپەڕیی ئەو وادەیە، شیروان زرار بۆ پەرەگراف وتی "هەڵبژاردن لەو وادەیەدا ناكرێت كە دیاری كراوە. دوای گەیشتنە ڕێككەوتنی لایەنەكان بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن و دیاریكردنی كاتێكی نوێ لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، لەو كاتەوە كۆمسیۆن شەش مانگی پێویستە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەكە".

وتەبێژەكەی كۆمسیۆن وتیشی "هەڵبژاردن چەند مانگێك دوا بكەوێت باشترە، نەك بەپەلە و بە گرفتەوە ئەنجام بدرێ و بێمتمانەیی دروست ببێت، بە تایبەت ئێستا كاتێكی گونجاو نییە بۆ هەڵبژاردن و ئەگەر كەشێكی ئیجابیی بێتە ئاراوە باشترە".

لایەنەكان سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن و پێكهاتەی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن ناكۆكن. ژمارەیەك لە حیزبەكان داوای فرەبازنەیی لە هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا دەكەن.

سەبارەت بە كۆمیسیۆنیش چەند بۆچوونێك هەیە، هەندێك داوای كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی ئێستا بە پڕكردنەوەی كورسییە چۆڵەكانی دەكەن، نەوەی نوێیش داوای كۆمیسیۆنێكی سەربەخۆ دەكات كە لە دادوەران پێك بهێنرێت.