بانكی ڕافیدەینی حكومی ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت دۆڕاند

08-08-2022 06:53

پەرەگراف

شەقامی عێراقی تووشی شڵەژانێكی نوێ بوو كاتێك هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە كە بانكی ڕافیدەینی حكومی ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت دۆڕاند. بابەتەكە تێكەڵی ململانێ سیاسییەكانی ناو ماڵی شیعە بووە.

دادگای ڕەسافە، بانكی ڕافیدەینی پابەند كردووە بە پێدانی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بە كۆمپانیای بەوابەت عەشتار، ئەوەش لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستیك لەلایەن بانكەكەوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە.

بانكی ڕافیدەین لە ڕوونكردنەوەیەكدا ناڕەزایی لە بەرامبەر بڕیارەكەی دادگا نیشان دا و تانەی یاسایی لێ دەدات و دەشڵێت، گرێبەستەكە ساڵی ڕابردوو لەلایەن بەڕێوەبەری بانكەكەوە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەدا كراوە كە تایبەتە بە پارەدانی ئەلیكترۆنی، دوای ئەوەی بۆیان دەركەوتووە بە قازانجی زۆری كۆمپانیاكە و زیانی بانكەكەیە، هەڵیانوەشاندووەتەوە، كۆمپانیاكەش لە بەرامبەردا پەنای بۆ دادگا بردووە بۆ داوای قەرەبووكردنەوە.

ئەو بڕیارەی دادگا لە دژی بانكی ڕافیدەین تێكەڵی ململانێ سیاسییەكانی ناو ماڵی شیعە دەبێت و سەركردەیەكی ڕەوتی سەدر دەڵێت، خاوەنی كۆمپانیاكە نزیكە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و تۆمەتبارە بە گەندەڵیی گەورە و بردنەدەرەوەی پارەی عێراق.

سەباح ساعدی، سەركردە لە ڕەوتی سەدر، ڕایگەیاند، خاوەنی كۆمپانیای بەوابەت عەشتار یەكێكە لە دەوڵەمەندترین كەسایەتییەكانی عێراق و سێ بانكی هەیە كە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ موقتەدا سەدر ناوی هەرسێكیانی هێناوە و تۆمەتباری كردوون بە بەقاچاخبردنی پارەی عێراق بۆ دەرەوە.

هەواڵی دۆڕاندنی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار لەلایەن بانكێكی حكومی، بە فراوانی لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووەتەوە و چالاكوانانی عێراق وەك گەندەڵییەكی گەورە ناوی دەبەن، پێیان وایە بە مەبەست كراوە و دەیانەوێت ئەو پارەیە لە ماڵی دەوڵەتەوە بەو ڕێگایە بگوازنەوە بۆ كەرتی تایبەت.