سەدر لە وەڵامی مالیکیدا سوێند بە خوێنی ئیمامی عەلی دەخوات: کەسی گەندەڵ نابێت حکومڕانی بکات
پەرەگراف
موقتەدا سەدر وەڵامی نوری مالیکی دایەوەو سوێند بە خوداو خوێنی ئیمامی عەلی دەخوات کە نابێت کەسی گەندەڵ حکومڕان بێت.
سەدر لە تویتێکدا دەڵێت، "سوێند بە خوێنی تۆ ئەی حەیدەر-مەبەست عەلی کوڕی ئەبی تالیبە- و بە کوڕە سەربڕاوەکەت، سوێند بە خودا گەندەڵ لەنێو ئێمەدا حکومڕانی ناکات و منیش پشتیوانیی گەندەڵی ناکەم، ئاخۆ هیچ کەسێک نییە پشتیوانیمان بکات؟".
ئەو هەڵوێستەی سەدر دوای ئەوەدێت شەوی ڕابردوو نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دژی داوایەکی سەدر وەستایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە.
مالیکی وتی "عێراق وڵاتی پێکهاتەکانە، گەلەکەی لە پێکهاتە و مەزهەب و نەتەوەکان پێک دێت، ناکرێت هیچ ئیرادەیەکی بەسەردا بسەپێندرێت، تەنیا ئیرادەی تەواوی گەل نەبێت و لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە کە پەرلەمانی هەڵبژێردراو نوێنەرایەتیی دەکات".
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وتیشی "پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە و سیستم ناگۆڕێت و هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکرێت، تەنیا بە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق نەبێت. پەرلەمان گفتوگۆ دەربارەی ئەو داواکارییانە دەکات و هەر بڕیارێک بدات جێبەجێی دەکەین".
نووری مالیکی، سەرکردەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا شەوی رابردوو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەبۆنەی رێوڕەسمی عاشووراوە، کە چلەی ماتەمینیی کوژرانی ئیمام حوسێنە، رایگەیاند، "پەرلەمان هەڵناوەشێندرێتەوە، سیستم ناگۆڕدرێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەناچێت تاوەکو پەرلەمان دەست بە دانیشتنەکانی نەکاتەوە. هەر پەرلەمانیش ئەم داواکارییانە تاوتوێ دەکات و هەر بڕیارێک بدات جێبەجێی دەکەین."
١٠ ڕۆژە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق مانگرتنیان راگەیاندووە و رێگە بە کۆبوونەوەی پەرلەمان نادەن.