بەشدار حەسەن: ویژدانتان هەبێت، مانگرتووانی بادینان و ئەوانی تر نزیكی مەرگ دەبنەوە

09-08-2022 04:55

پەرەگراف

پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان نیگەرانی دەردەبڕێت لە بەرانبەر "دەستی دەستی كردن بە دۆسیەی سزادراوانی مانگرتوو بە هۆكاری سیاسی" و دەڵێت "با دەستی دەستی كۆتایی بێت، ئیتر بەسە ویژدانتان هەبێت وا خەریكە مانگرتوانی بادینان و ئەوانی تر نزیكی مەرگ دەبنەوە".

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "دۆسیەی چالاكوانانی شیلادزێ كە دەبوو ئەمڕۆ داواكاری گشتی بۆچوونی خۆی لەسەر بدات و وەڵامی دادگای كەتنی دەشتی ھەولێر بداتەوە، بەهۆی ڕۆتین و ئامادەنەكردنی ڕاپۆرتی توێژەرانی كۆمەڵایەتیی گرتووخانەی چاكسازیی گەورانی هەولێر و تەواونەكردنی رێوشوێنی پەنجەمۆر، دواخرا بۆ سبەی".

ئەو پارێزەرە دەشڵێت "ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر ئیدارەی چاكسازیی گەورانی هەولێر دەیانوت چاوەڕوانی وەڵامی داواكاری گشیین!".

"پرسیار لێرە ئەوەیە لە ١٦/٦/٢٠٢٢ تاكو ئێستا (مەنتق)ـە ڕاپۆرتی توێژەری كۆمەڵایەتی و پەنجەمۆریان تەواو نەبووبێت!؟ كە كۆی پرۆسەی ڕێكارەكانی (ئیفراج شەرتی) پێویستی تەنها بە چوار بۆ پێنج ڕۆژە"، بەشدار حەسەن وا دەڵێت.

ماوەی 20 ڕۆژە زیاتر لە 50 سزادراو لە چاكسازیی گەورانی هەولێر كە ئازادكردنی مەرجدار (ئیفراج شەرتی) دەیانگرێتەوە و دۆسیەكانیان پشتگوێ‌ خراوە، مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە و دەڵێن "یان ئازادكردن یان مردن".

10 كەس لەو مانگرتووانە چالاك و ڕۆژنامەنووسانی بادینان كە پارێزەرانیان دەڵێن لە ئێستادا "بارودۆخی تەندروستییان لە مەترسیی گەورەدایە".

بەپێی كۆبوونەوەیەكی نێوان پارێزەری سزادراوانی بادینان و سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ و داواكاری گشتیی هەرێم، دەبێت بە زوویی دۆسیەی ئەو كەسانە ڕەوانەی داواكاری گشتی بكرێت تا بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەوەوە دەرببڕێت كە چەندیان ئازادكردنی مەرجدار دەیانگرێتەوە تا ئازاد بكرێن.