یەختێك بە ٨٠ كۆچبەرەوە ژێرئاو كەوت؛ 51 كۆچبەر بێسەروشوێنن و كوردیان تێدایە

10-08-2022 01:06

پەرەگراف

یەختێكی كۆچبەران كە ٨٠ كۆچبەری تێدا بووە، لە دەریای ئیجەدا ژێرئاو كەوتووە و 51 كەسیان بێسەروشوێنن كە كۆچبەری كوردیشیان لەناودایە.

شێخ حسێن حمە ساڵح، نوێنەری دەزگای لووتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە یۆنانەوە ڕایگەیاند "یەختێكی كۆچبەران كە ٨٠ كۆچبەری تێدا بووە، لە دەریای ئیجەدا وەرگەڕاوە و ٢٩یان ڕزگاركراون، بەڵام هێشتا ٥۱ كەسیان بێسەروشوێنن".

نوێنەری دەزگای لووتكە لە یۆنان دەڵێت "ئەو ٢٩ كۆچبەرەی ڕزگار كراون، عێراقی و ئەفغانی و ئێرانین، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانیش ئەو ٥١ كەسەی بێسەروشوێنن ژمارەیەكیان كوردن".

دەزگای لووتكە دەڵێت "تا ئێستا تەرمی هیچكام لە سەرنشینەكان نەدۆزراوەتەوە و بەدواداچوونەكانمان بەردەوامن. نوێنەرایەتیی دەزگای لووتكە سەفارەتی عێراقی لە وڵاتی یونان لە ڕووداوەكە ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام ئەوان هیچ زانیارییەكی فەرمییان بەدەست نەگەیشتووە".

"بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئەم یەختە پێش دوو ڕۆژ لە ئانتالیای توركیاوە بەڕێ كەوتووە بەمەبەستی ئەوەی بگەنە ئیتاڵیا"، دەزگای لووتكە وا دەڵێت.

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لووتكە، دەڵێت "نوینەرایەتیی دەزگای لووتكە لە ئێستادا سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاریی زیاترە لەبارەی ئەو كۆچبەرانەی لەنێو ئەو یەختەدا بوون".