زانكۆی سەلاحەدین لە هەولێر بڕیاری یەكپۆشیی خوێندكارانی دا

10-08-2022 02:58
د. كامەران یونس، سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین

پەرەگراف

زانكۆی سەلاحەدینى حکومى لە هەولێر بڕیای یەكپۆشی بۆ خوێندكارانی ڕاگەیاند و لە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ جێبەجێ‌ دەكرێت. سەرۆكی زانكۆكە دەڵێت "هەر قوتابییەک پابەند نەبێت بە یەكپۆشییەوە، سزا دەدرێت".

د. كامەران یونس، سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "دوای ئەوەی لە سەرۆكایەتیی زانكۆی سەلاحەدین بیرۆكەی یەكپۆشیمان بۆ هات، بە ئامانجی كەمكردنەوەی باری جیاوازی چینایەتی و كەمكردنەوەی ئەركی سەرشانی خانەوادەی قوتابییان، ئەو بیرۆكەیەمان كردە راپرسی".

لە ڕاپرسییە ئەلیكترۆنییەكەدا "نزیكەی 11 هەزار و 450 قوتابی لە زانكۆی سەلاحەدین بە كوڕ و كچەوە" بەشدارییان كردووە.

بەپێی ئەنجامی ڕاپرسییەكە، لەسەدا 70 و پۆینت شەشی خوێندكاران لەگەڵ جێبەجێكردنی یەكپۆشیدا بوون و لەسەدا 29 وپۆینت چوار لەگەڵیدا نەبوون.

سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین وتیشی "وەكوو ئەنجوومەنی زانكۆی سەلاحەدین كۆبوونەوەی خۆمان دەكەین و ئەنجامی ئەو ڕاپرسییە دەكەنە بڕیار".

"یەكپۆشی بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 جێبەجێ دەكرێت. ساڵنامەی خوێندن لە 04-09-2022 دەست پێ دەكات، بەڵام ئێمە تا 1-10-2022 دەرفەت بە قوتابییان دەدەین و لەو كاتەوە یەكپۆشی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، پاشان ڕاگر و سەرۆكی بەشەكان بەرپرس دەبن لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە"، سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین وای وت.

د. كامەران یونس ڕایگەیاند، هەر خوێندكارێك پابەند نەبێت بە یەكپۆشییەوە "یەكەم جار سزای ئاگاداركردنەوەی پێ دەدرێت، جاری دووەم سزای هۆشداری و جاری سێیەم دەبێتە دوورخستنەوە (فصل) بۆ ماوەی یەك هەفتە".

هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە بڕیارەكە "نە بۆ قەدەغەكردنی نیقابە، نە بۆ قەدەغەكردنی تەنوورەیە، نە بۆ قەدەغەكردنی باڵاپۆشییە، بەڵكو تەنیا بۆ یەكڕەنگییە".

"قەمیسی سپی لەگەڵ پانتۆڵی ڕەش یان ڕەساسی لە ئەنجوومەنی زانكۆ بڕیاری لەسەر دەدرێت. ڕەنگە هەندێك كۆلێژ ڕەش و سپی بێت و هەندێك ڕەساسی و سپی بێت".

ئەنجامی ڕاپرسییەكە:

- ئەگەر یەكپۆشی ڕابگەیەندرێت، ئامادەی جێبەجێی بكەی یان نا؟

+ 70.6٪ دەڵێن: بەڵێ، 29.4٪ دەڵێن: نەخێر.

- لە نێوان ڕەنگی ڕەساسی و سپی، ڕەش و سپی، ئایا چ جۆرە ڕەنگێكیانت لا پەسەندە؟

+ 74.6٪ لەگەڵ ڕەنگی ڕەش و سپیدا بوون.

- ئایا یەكپۆشی بارگرانی لەسەر خانەوادەی قوتابی كەم دەكاتەوە؟

+ 70.9٪ دەڵێن: بەڵێ، 29.1٪ دەڵێن: نەخێر.

- ئایا بەباشی دەزانیت جیاوازی لە نێوان ڕەنگی كوڕان و كچان هەبێت؟

+ 58.3٪ دەڵێن: نەخێر، 41.7٪ دەڵێن: بەڵێ.

- ئایا پێت وایە یەكپۆشی كاریگەریی لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی زانستیی قوتابییان دەبێت؟

+ 64.6٪ دەڵێن: بەڵێ، 36.4٪ دەڵێن: نەخێر.

- ئایا ئەو شێوازە ڕاپرسییانە ڕاستەوخۆ بە هەند وەردەگریت؟

+ 79.6٪ دەڵێن: بەڵێ، 20.4٪ دەڵێن: نەخێر.