سەدر بۆ دەسەڵاتی دادوەریی: تا کۆتایی ھەفتەی داھاتوو پەرلەمان ھەڵبوەشێننەوە

10-08-2022 04:57

پەرەگراف

موقتەدا سەدر لە وەڵامی مالیکیدا ڕایگەیاند، ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان مەرج نییە بە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان خۆی بێت.

سەدر لە تویتێکی ئەمڕۆیدا داوا لە دەسەڵاتی دادوەریی دەکات بەھۆی کۆتاییھاتنی وادە دەستورییەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتەوە لە ماوەیەکدا کە  نەکەوێتە کۆتایی ھەفتەی داھاتوو.

سەدر ئاماژە بەوەش دەکات، دوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، سەرۆککۆمار وادەی ھەڵبژاردنی نێ ڕابگەیەنێت بە چەند ڕێوشوێنێکی نوێوەکە دواتر دەیخەنەڕوو.

بەرلەو هەڵوێستەی ئەمڕۆیش، موقتەدا سەدر وەڵامی نوری مالیکی دایەوەو سوێندی بە خوداو خوێنی ئیمامی عەلی خوارد کە نابێت کەسی گەندەڵ حکومڕان بێت.

سەدر لە تویتێکدا دەڵێت، "سوێند بە خوێنی تۆ ئەی حەیدەر-مەبەست عەلی کوڕی ئەبی تالیبە- و بە کوڕە سەربڕاوەکەت، سوێند بە خودا گەندەڵ لەنێو ئێمەدا حکومڕانی ناکات و منیش پشتیوانیی گەندەڵی ناکەم، ئاخۆ هیچ کەسێک نییە پشتیوانیمان بکات؟".

ئەو هەڵوێستەی سەدر دوای ئەوەهات نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دژی داوایەکی سەدر وەستایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە.

مالیکی وتی "عێراق وڵاتی پێکهاتەکانە، گەلەکەی لە پێکهاتە و مەزهەب و نەتەوەکان پێک دێت، ناکرێت هیچ ئیرادەیەکی بەسەردا بسەپێندرێت، تەنیا ئیرادەی تەواوی گەل نەبێت و لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانەوە کە پەرلەمانی هەڵبژێردراو نوێنەرایەتیی دەکات".

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وتیشی "پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە و سیستم ناگۆڕێت و هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکرێت، تەنیا بە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق نەبێت. پەرلەمان گفتوگۆ دەربارەی ئەو داواکارییانە دەکات و هەر بڕیارێک بدات جێبەجێی دەکەین".

نووری مالیکی، سەرکردەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە و سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا شەوی رابردوو لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بەبۆنەی رێوڕەسمی عاشووراوە، کە چلەی ماتەمینیی کوژرانی ئیمام حوسێنە، رایگەیاند، "پەرلەمان هەڵناوەشێندرێتەوە، سیستم ناگۆڕدرێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت بەڕێوەناچێت تاوەکو پەرلەمان دەست بە دانیشتنەکانی نەکاتەوە. هەر پەرلەمانیش ئەم داواکارییانە تاوتوێ دەکات و هەر بڕیارێک بدات جێبەجێی دەکەین."

زیاتر لە ١٠ ڕۆژە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق مانگرتنیان راگەیاندووە و رێگە بە کۆبوونەوەی پەرلەمان نادەن.