بافڵ تاڵەبانی: بە قەناس هەوڵی تیرۆرکردنم نەدراوەو تەنها چاودێریی دەکراین

10-08-2022 06:07

پەرەگراف

بافڵ تاڵەبانی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باسلەوە دەکەن لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنەکان لە سەرۆکایەتی هەرێم گوتبێتی "بە قەناس هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە" لە دوای گەڕانەوەی لە دواین کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی، تاڵەبانی ئەو دەنگۆیە ڕەت دەکاتەوە.

کەناڵی کوردساتی یەکێتی، لە بافڵ تاڵەبانی پرسیی: دەنگۆیەک بڵاو بووەتەوە باس لەوە دەکرێت هەوڵی تیرۆرکردنتان دراوە بە قەناس، بافڵ تاڵەبانی لە وەڵامدا وتی "نا نا نا، من تکایەکم هەیە ئەو برادەرانەی زانیاریی دەهێننە دەرەوە لانیکەم بەجوانی بیهێننە دەرەوە، وانەبوو ئێمە چاودێریی دەکراین، هەر ئەوەبوو".

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان، وتی، بڕیارماندا کۆبوونەوەکان بەردەوام بن و باسی زۆر شت کرا بە ڕاشکاویی و باسی ئەوەمان کرد دۆخی سلێمانی چەند خراپەو زۆر تەرکیزمان لەسەر ئەوەکرد، لایەنەکان هەموو هاوڕابوون کە ئەو دۆخە باش بکریت.

کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسییەکان بە ئامادەبوونی جینین بلاسخارت نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، بەبێ ڕێککەوتن کۆتایی هات و بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو دواین کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە ئەنجام بدەن.

سەرۆکایەتی هەرێم ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا بڕيار دراوە "سه‌ره‌تاى ئه‌يلوولى داهاتوو دوايين كۆبوونه‌وه‌ بۆ يه‌كلاكردنه‌وه‌ى ته‌واوى بابه‌ته‌كانى په‌يوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت، تا ئه‌وساش سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، به‌ هاوکاریی تیمی پسپۆڕی یوونامی له گفتوگۆ و ئاماده‌كارى به‌رده‌وام ده‌بن".

پاش ئەوەی پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕاجیایایی نێوان لایەنەكانی لێ‌ كەوتەوە، سەرۆكایەتیی هەرێم و جینین پلاسخارت، هەوڵێكیان بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان دەست پێ‌ كرد كە تێیدا بگەنە بۆچوونێكی هاوبەش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

لایەنەكان سەبارەت بە یاساو سیستم و بازنەکانی هەڵبژاردن و كۆمیسیۆن و کورسیی پێکهاتەکان ناكۆكن. ژمارەیەك لە حیزبەكان داوای فرەبازنەیی لە هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكاندا دەكەن.

سەبارەت بە كۆمیسیۆنیش چەند بۆچوونێك هەیە، هەندێك داوای كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی ئێستا بە پڕكردنەوەی كورسییە چۆڵەكانی دەكەن، نەوەی نوێیش داوای كۆمیسیۆنێكی سەربەخۆ دەكات كە لە دادوەران پێك بهێنرێت.