سەدرییەكان و چوارچێوەی هەماهەنگی بە خۆپیشاندان بەرامبەر یەكدى دەوەستنەوە

11-08-2022 02:27

پەرەگراف

سەدرییەكان و چوارچێوەی هەماهەنگی بە خۆپیشاندان بەرامبەر یەكدى دەوەستنەوە. هەردوو لایەنی ڕكابەری شیعە داوایان لە لایەنگرانیان كرد سبەینێ‌ هەینی لە كاتژمێر پێنجی ئێوارە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

ساڵح محەمەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری موقتەدا سەدر، لە نوێترین تویتدا داوا لە "لایەنگرانی چاكسازی" دەكات كە هەر كەسێك لە پارێزگاكەی خۆیەوە و هاوكات لە كاتژمێر پێنجی ئێوارەی هەینی، دەست بە خۆپشاندان بكەن.

عێراقی داوایشی كردووە كە خۆپیشاندان بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی خۆی لە هەژماری تویتەری خۆیەوە "نەك هەژمارێكی ساختە"، ئاگاداریان دەكاتەوە لە كۆتایی پێهێنانی خۆپیشاندان.

بەپێی تویتی وەزیرەكەی سەدر، ئامانجێكی خۆپیشاندانەكە ئەوەیە كە فۆرمی یاسایی پڕبكرێتەوە بەمەبەستی پێشكەشكردنی بە دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی عێراق، كە ئەمە دواكاریی سەدرە لە دوایین پەیامیدا.

هاوكات لیژنەی ڕێكخستنی خۆپیشاندانەكانی بەرگریكردن لە شەرعیەت و پاراستنی دامودەزگاكانی دەوڵەت كە سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگییە، داوای لە لایەنگرانی كردووە كە لە هەمان كات و لە كاتژمێر پێنجی ئێوارەی هەینی، لە دەرەوەی ناوچەی سەوزی بەغدا دەست بە خۆپیشاندان بكەن.

لیژنەكەی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی، خۆپیشاندانەكە لەژێر ناوی "گەل دەوڵەت دەپارێزێت" ئەنجام دەدات و داوا لەو كەسانە دەكات كە "پاڵپشتی لە ڕێزگرتنی دامودەزگاكانی دەوڵەت دەكەن، بە تایبەت دامودەزگاكانی یاسادانان و دادوەری"، بەشداریی خۆپیشاندانەكە بكەن.

لیژنەی ڕێكخستنی خۆپیشاندانەكانی بەرگریكردن لە شەرعیەت و پاراستنی دامودەزگاكانی دەوڵەت، بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئامانجیان "ڕێگری لە یاساشكێنی و ئاژاوە و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی"یە.

داواش لە خۆپیشاندەران دەكات بە شێوەیەكی ئاشتییانە داوای "پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزاری نیشتمانی بكەن، كە ئێش و ئازارەكانی خەڵك لە گرانی و كەمئاوی و كارەبابڕان، كەم بكاتەوە".

"هیوادارین هەموو لایەك پابەندی ڕێنماییەكانی لیژنەكە بن و دەستدرێژی نەكەنە سەر موڵكی گشتی و تایبەت، هاوكاریی تەواوی برایانمان لە هێزە ئەمنییەكانی عێراق بكەن"، لیژنەی ڕێكخستنی خۆپیشاندانەكانی بەرگریكردن لە شەرعیەت و پاراستنی دامودەزگاكانی دەوڵەت وا دەڵێت.

ململانێی نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی، بە تایبەتیش دژایەتیی نووری مالیكی بۆ داواكارییەكانی موقتەدا سەدر، بووەتە هۆی بەردەوامیی بارودۆخی سیاسیی بە بنبەست گەیشتووی عێراق.

دوێنێ‌ 10-8-2022، موقتەدا سەدر لە وەڵامی مالیكیدا ڕایگەیاند، ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان مەرج نییە بە ئەنجامدانی دانیشتنی پەرلەمان خۆی بێت و لە تویتێكدا داوای لە دەسەڵاتی دادوەری كرد بەھۆی كۆتاییھاتنی وادە دەستوورییەكانی ھەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران، پەرلەمان ھەڵبوەشێنێتەوە لە ماوەیەكدا كە نەكەوێتە كۆتایی ھەفتەی داھاتوو.

سەدر وتیشی، دوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، سەرۆككۆمار وادەی ھەڵبژاردنی نوێ ڕابگەیەنێت بە چەند ڕێوشوێنێكی نوێوە كە دواتر دەیخەنە ڕوو.

بەرلەو هەڵوێستەی دوێنێش، موقتەدا سەدر وەڵامی نووری مالیكیی دایەوە و سوێندی بە خودا و خوێنی ئیمامی عەلی خوارد كە نابێت كەسی گەندەڵ حكومڕان بێت.

ئەو هەڵوێستەی سەدر دوای ئەوەهات كە نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دژی داوایەكی سەدر وەستایەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختە.

مالیكی وتی "عێراق وڵاتی پێكهاتەكانە، گەلەكەی لە پێكهاتە و مەزهەب و نەتەوەكان پێك دێت، ناكرێت هیچ ئیرادەیەكی بەسەردا بسەپێندرێت، تەنیا ئیرادەی تەواوی گەل نەبێت و لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەكانەوە كە پەرلەمانی هەڵبژێردراو نوێنەرایەتیی دەكات".

سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وتیشی "پەرلەمان هەڵناوەشێتەوە و سیستم ناگۆڕێت و هەڵبژاردنی پێشوەختە ناكرێت، تەنیا بە دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق نەبێت. پەرلەمان گفتوگۆ دەربارەی ئەو داواكارییانە دەكات و هەر بڕیارێك بدات جێبەجێی دەكەین".

زیاتر لە ١٠ ڕۆژە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و ڕێگە بە كۆبوونەوەی پەرلەمان نادەن.

شەوی ڕابردوویش چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوای كۆبوونەوەی، داوای كر پەلە بكرێت لە یەكلاییكردنەوەی بەربژێری سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكومەتی خزمەتگوزاری و جەختی كردەوە كە "پێویستە ڕێز لە دامەزراوەی یاسادانان و دادوەری بگیرێت و پەك نەكخرێن".